پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 4/2/2025، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكدا كه بۆ دەستبەكاربوونی هەردوو فیرقەی سێ و چواری پیادەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی كوردستان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، وتارێكى پێشكه‌ش كرد.
لە ڕێوڕەسمەكەدا بەڕێزان جه‌نەراڵ كیڤن لیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆك، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، وه‌زيرى ناوخۆ، سوپاسالارى پێشمه‌رگه و ژماره‌يه‌ك له بەرپرسانی باڵای هەرێمى كوردستان و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی ئامادە بوون.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، له وتاره‌كه‌يدا باسى له گرنگيى ئه‌م هه‌نگاوه‌ى پرۆسه‌ى يه‌كخستنى پێشمه‌رگه كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌يه‌تى:
به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ كيڤن ليهى،
فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له عێراق و سووريا،
ئامادەبووانی بەڕێز،
ڕۆژتان باش،
هه‌موو لايه‌كتان زۆر به خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى ده‌ستبه‌كاربوونى هه‌ردوو فيرقه‌ى سێ و چوارى پياده‌ى وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه. پاش ئه‌وه‌ى ئۆكتۆبه‌رى ڕابردوو فه‌رمانى ههرێميمان بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و دوو فيرقهيه ده‌ركرد، زۆر خۆشحاڵين كه ئه‌مڕۆ وه‌ك به‌شێك و هه‌نگاوێكى ديكه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازى و يهكخستنهوهى پێشمه‌رگه له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا، ده‌ستبه‌كار ده‌بن.
ئەمڕۆ به ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌م دوو فيرقهيه، ئێمه شاهیدی هەنگاوێکی نوێ و پڕ بايهخين له‌م كاروانه‌دا كه چه‌ندين ساڵه به‌رده‌وامه. ئەم دەستکەوتە تەنها دەستكەوتێكی ڕێکخستن یان کارگێڕی نییە، بەڵکوو نيشانه‌ى ئیرادەی پته‌ومان و بەرهەمی ئه‌و قوربانیيە گەورانهيه کە گەلى كوردستان و پێشمه‌رگه لە ماوەی چەندین دەیەدا، پێشکەشیان کردووە.
بەڕێزان،
پێشمەرگە تەنها هێزێکی سەربازيی ئاسایی نييه، بەڵکو هەمیشە هێمای قارەمانييه‌تی و فیداکاری و پارێزەری ئاسایشی کوردستان و به‌شێكى گرنگى ناسنامەی نيشتمانيمان بووه. هه‌ر له يه‌كه‌م ڕۆژى دروستبوونيهوه، هێزى شۆڕش و پارێزه‌رى گه‌لى كوردستان بووه. کاتێک ڕێكخراوى تیرۆریستيی داعش وەک هەڕەشەیەکی جیهانی دەرکەوت، پێشمەرگە لە ڕيزى پێشەوەی ئەو هێزانە بوو کە ڕووبەڕووی ئەم مەترسی و ههڕهشانە بوونەوە.
پێشمەرگە، قاره‌مانانه شەڕێکی قورسی لە پاڵ هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی دژی داعش بەڕێوەبرد و بۆ جیهانی سەلماند کە تەنها هێزێک نییە بۆ بەرگری لە کوردستان، بۆ پاراستنى پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيانه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان، بەڵکوو قەڵغانێکە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لەم هەڕەشە هاوبەشە. بۆيه ئه‌و شانازييهى پێ بڕا كه به‌رگرى له ته‌واوى مرۆڤايه‌تى بكات لە جیهان و له‌پێناو ئەوەشدا به گيان و خوێن بجه‌نگێت، له كۆتاييشدا سه‌ركه‌وت و له‌ژێر فه‌رمانده‌ييى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، ئه‌فسانه‌ى داعشی تێك‌شكاند.
بەهۆی قارهمانييهتى و سه‌ركه‌وتنه مهزنهكانييهوه، پێشمەرگە لە ئاستی جیهاندا بووە بە سيمبۆلى ئازایەتی و مايه‌ى شانازيى گه‌لى كوردستان. له‌ناو هه‌موو گه‌لان و وڵاتانى جيهاندا، ناوى پێشمه‌رگه، وه‌ك جه‌نگاوه‌رێكى قاره‌مان له‌پێناو پاراستنى مرۆڤايه‌تيدا ده‌ركه‌وت.
به‌ڕێزان،
ئەم دەستکەوته‌ى ئه‌مڕۆ بەدی نەدەهات، ئەگەر پشتگیريی هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەبووایە کە بە شێوەیەکی كارا بەشدار بوون له هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى ڕێكخستنی هێزی پێشمەرگە، چ لە ڕێگەی مه‌شق و ڕاهێنان، یان دابينكردنى پێداويستيى سەربازی، یان پشتگیريی لۆجیستیكی.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان دووپات دهكهينهوه بۆ ئەو ڕۆڵەی کە دۆستانمان له هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی به سهركردايهتيى ئه‌مه‌ريكا بۆ پشتگیريی ئێمە لە عێراق و هه‌رێمى كوردستان له سەختترین کاتەکاندا، گێڕاويانه.
هه‌روه‌ها بۆ یارمەتیدانمان لە پرۆسەی چاکسازی و يهكخستنهوه و ڕێکخستنەوەى پێشمه‌رگه. دۆستانمان له هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی، به‌تايبه‌تى لە سەرووی هەموویانەوە ئه‌مه‌ريكا، دوایی وڵاتانی تری وەك به‌ريتانيا، ئه‌ڵمانيا، هۆڵه‌ندا، هه‌نگاريا، ئيتاڵيا و فه‌ره‌نسا، بەشدارييان لە دانانی بنەماکانی پێویست بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا كردووه کە هەماهەنگی و کارایی دەستەبەر دەکات و پێشمه‌رگه ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی پیشەیی و شەفاف. هێزێك، بە دڵسۆزییەوە خزمەتی گەلی کوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە دەکات و به‌شێكى كارا و كاريگه‌ر ده‌بێت له سيستمى به‌رگريى عێراق.
بەڕێزان،
پێکهێنانی فيرقهكانى سێیەم و چوارەمی پياده‌ى پێشمه‌رگه، ئەمڕۆ هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە بەرەو بەدیهێنانی ئامانجی گەورەترمان كه بريتييه له دروستکردنی هێزێکی نیشتمانيی یەکگرتوو. هێزێك كه پیشەیی و ڕێكخراوتر بێت و لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەك و مهترسيیەک، توانای پاراستن و بەرگریکردنی لە وڵات هەبێت.
ئەم هێزانە لەژێر چەتری وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەدا کار دەکەن و دڵنیایی دەده‌ن له‌وه‌ى هێزەکانمان هەمیشە لە ئامادەباشيی تەواودا ده‌بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك له‌سه‌ر ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى.
ڕاسته، پشتگيريى دۆستانمان زۆر پێويست و گرنگه، بەڵام ئێمه باش دەزانین کە له كۆتاييدا سەرکەوتنی ڕاستەقینەى ئەم پرۆسەیە، پشت بە ئیرادەی ناوخۆییمان دەبەستێت. یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە پێویستی بە کارکردنی هەموومانە بە ڕۆحێكی يهكتیمی و زاڵبوون بەسەر هەر دابەشبوونێك و ناکۆکییەک کە لەوانەیە ڕێگر بێت لەم پڕۆژە نیشتمانییەدا. پێشمه‌رگه ده‌بێ هێزێكى نيشتمانيى دوور له سياسه‌ت و ده‌ستێوه‌ردانى حزبى بێت، هێزێك بێت تەنها و تەنها بۆ پاراستنى كوردستان.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته داوا له پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان ده‌كه‌م، ئه‌وپه‌ڕى هاريكارى بنوێنن و يارمه‌تى بده‌ن بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و يهكخستنهوهى پێشمه‌رگه. سه‌رخستنى ئه‌م پرۆسه‌يه، ئه‌ركێكى نيشتمانى و نهتهوهييى هه‌موومانه و پێويسته هه‌رچى گرفت و كێشه هەیە، چاره‌سه‌ر بكرێن، تاكوو له كۆتاييدا هه‌موو پێشمه‌رگه، وه‌ك هێزى نيشتمانيى كوردستانى، له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا كۆبكرێنه‌وه كه يه‌ك سه‌ركردايه‌تى، يه‌ك كۆنترۆڵ و يه‌ك ناوه‌ندى ئاراسته‌كردنى هه‌بێت.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
وێڕاى ئه‌وه‌ى كه هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى و يهكخستنهوهى پێشمه‌رگه، به‌پێى خواست و چاوه‌ڕوانيى ئێمه نييه، به‌ڵام كار و هه‌وڵه‌كانى ئێمە بۆ سه‌رخستنى ئه‌م پرۆسه‌يه، لێرەدا ناوەستێت.
ئەمە پڕۆژەیەكی نیشتمانییە بەڵێنی ئێمەیە بەرامبەر بە گه‌لى كوردستان و خوێنی شەهیدان و نەوەکانی داهاتوو. بۆيه بە هەموو وزە و توانا و ئيراده و پێداگرییەكەوە، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه و بۆ ئه‌وه‌ى هێزەکانی پێشمەرگە هەمیشە نيشانه‌ى یەکڕيزى و هێز و قەڵغانێک بن بۆ پاراستنی کوردستان لە هەموو هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌ك.
هه‌ر له‌م بۆنهيە و له كاتێكدا هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى سوپاى عێراق زۆر بە پێويست و زۆر گرنگ ههڵدهسهنگێنين، داوا له حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق ده‌كه‌م، به‌پێى ده‌ستوور و ياسا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا بكات و وه‌ك به‌شێك له سيستمى به‌رگريى عێراق، له هه‌موو ڕوويهكهوه ئه‌رك و پابه‌ندييه‌كانى خۆى به‌رامبه‌ر به پێشمه‌رگه جێبه‌جێ بكات.
قارهمانييهتى و قوربانييه‌كانى پێشمه‌رگه و خوێنی پاكى شەهیدانى نه‌مرى كوردستان، له‌گه‌ڵ پشتگیريی هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی و پابەنديی هاوبەشمان، وا دەکەن ئەمڕۆ لێرە بە شانازی و سەربەرزییەوە له كاروانى خزمه‌ت و پێشخستنى كوردستان به‌رده‌وام بين و هه‌رگيز كۆڵ نه‌ده‌ين له هه‌وڵى يهكخستنهوهى پێشمه‌رگه‌دا.
دڵنيام ئه‌م دهستبهكاربوونهى هه‌ردوو فيرقه‌ى سێ و چوار و به‌رده‌وامى و به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى يهكخستنهوهى پێشمه‌رگه، وێڕاى هه‌موو به‌ربه‌ست و كێشه‌كان، مايه‌ى خۆشحاڵيى زۆرى گه‌لى كوردستانه و گيانى شه‌هيدان شاد ده‌كات.
هه‌روه‌ها له كاتێكدا ناوچه‌كه به دۆخێكى ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت و ڕووبه‌ڕووى چه‌ندين ئاڵنگارى ده‌بينه‌وه، گه‌لى كوردستان زۆر به پەرۆش و ئومێده‌وه چاوه‌ڕێى هه‌واڵى پێكهێنانی كابينه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه.
بۆيه داوا له لايه‌نه سه‌ركه‌وتووه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌م، ئه‌مه بكه‌نه ئهولهوييهتى يه‌كه‌ميان و به سه‌ركه‌وتنى گفتوگۆكان و ڕێككه‌وتن و پێكهێنانى حكوومه‌تى تازه، دڵى گه‌لى كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە خۆش بكه‌ن. به زووترين كات، حكوومه‌تێك پێك بهێنن كه وه‌ڵامگۆى داوا و پێشبينييه‌كانى هاووڵاتييانى هه‌رێمى كوردستان بێت.
ده‌ستخۆشى و سوپاس و پێ‌زانین بۆ هەموو ئەوانەی بەشداریيان لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوته كردووە كە ئه‌مڕۆ لێرە ئێمە كۆبووینەتەوە.
سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان،
هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستان.