سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبووەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی حکوومەتدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانیان لە بەغدا تایبەت بە هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ئەندامانی شاندەکە و هەموو تیمە تەکنیکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە زۆر پیشەییانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە ، هیواشى خواست دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.