ڕێواز فایەق: خاڵە هاوبەشەکانی نێوانمان زیاترە لە خاڵە ناکۆکەکان

سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، پەیامنێری کوردستان24، هۆشمەند سادق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنە تەکنیکییەکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە.

ڕێواز فایەق، ئەندامی شاندی تەکنیکی دانووستانەکانی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی دەست پێ دەکات”، دەشڵێت: “ئێمە وەکو لیژنەی داڕێژەری ستراتیجیی بەڕێوەبردن، بەشی زۆری ئەرکەکانی خۆمان تەواو کردووە.”

ڕوونیشیکردەوە “ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێک کەوتووین زۆر زیاترە لەو خاڵانەی لەسەری ڕێک نەکەوتووین، بەڵام جیاوازیی بیرووبۆچوونمان هەیە، هەروەها جیاوازیمان لەسەر ئەو میکانیزمانە هەیە کە دەمانەوێت پرۆسەکەی پێ بەڕێوە ببەین، بۆیە ئومێد دەکەین ئەوەی ئەمڕۆ نەمانتوانی لەسەری ڕێککەوین، لیژنەی باڵای دانووستانەکان بتوانێت لەسەری ڕێک بکەوێت.”

لەلایەکی دیکەوە سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەکانی ئەمرۆی شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی دواهەمین کۆبونەوە دەبێت.”

وا بڕیاربوو پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، 29-01-2025، هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ جاری پێنجەم لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە؛ بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.