سەنتەری ستیمسۆنی ئەمەریکی بۆ لێکۆڵینەوە: کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی هەنگاوێکی نمونەیی بوو بۆ یەکخستنی کوردانی سووریا

لێکدانەوە و دەنگدانەوەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و مەزلوم عەبدی، بەردەوامی هەیە و لە نوێترین ڕاپۆرتیشدا سەنتەری ستیمسۆنی ئەمەریکی بۆ لێکۆڵینەوە، کۆبوونەوەکەی بە نمونەیی وەسف کردووە لەپێناو یەکخستنی کوردانی ڕۆژئاوا.

سەنتەری ستیمسۆنی ئەمەریکی بۆ لێکۆڵینەوە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەلێکی گرنگ و مێژووییدان بۆ سەقامگیریی و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی سووریا، چونکە پەیوەندییەکی جوگرافی و مێژوویی قووڵیان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە.
بەگوێرەی سەنتەری ستیمسۆن، هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی قووڵ و گرنگی لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا هەیە، چونکە لەکاتی شۆڕشی سووریا، پێشوازیی لە هەزاران کوردی ڕۆژاوا کردووە.
ئەو سەنتەرە باسی لەوەش کردووە، هەبوونی ناکۆکی لەنێوان کوردانی ڕۆژاوا بووەتە بەربەست بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق وەکو یەک تیم، بەڵام دوایین کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی هەنگاوێکی نموونەیی بوو بە ئاراستەی یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە سووریا.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا تیشک خراوەتە سەر کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا لە داڤۆس، لەو بارەیەوە سەنتەری ستیمسۆن ڕایگەیاندووە “بناغەیەکی گرنگ بوو بۆ دەست پێ کردن و دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان هەردوولا.”
لە کۆبووەنەکەی سەرۆک بارزانی و مەزلوم عەبدیدا، بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.