ڕائیب جادر – هەولێر
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو بەشێک لە کێڵگەپەلەوەرییەکان، خەریکە بەشێک لە خاوەن پڕۆژەکان مایەپووچ دەکات. پزیشکێکی ڤێتەرنەری، دەڵێت، ئێستا نەخۆشی نیوکاسڵ و ئەنفلۆنزا لەنێو بەشێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی ھەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، ئەو جۆرە نەخۆشیانەش لە کاتی گۆڕینی وەرزەکان زیاتر توشی پەلەوەر دەبن، بۆ ڕێگری کردن لە نەخۆشییەکە دەبێت مریشکەکان بکوترێن.
خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، دەڵێن، نەخۆشی نیوکاسڵ، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی باوە و توانای بڵاوبوونەوەی زۆر خێرایە و لەناو پەلەوەر بکوژە، کێڵگە ھەیە ١٢ ھەزار پەلەوەر دەگرێت، کەچی تەنیا ٤ ھەزاریان ماون، بەھۆی نەخۆشییەکەوە ھەموو مردار بوونە، بۆیە داوا دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکوومەت بە ھەنامانەوە بێن و یارمەتیمان بدەن، بۆ ئەوەی زەرەر و زیانی زیاترمان بەر نەکەوێت.
کارئاسانی و دامەزراندنی سەدان کێڵگەی پەلەوەری نوێ، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، بەرھەمی گۆشتی مریشکی گەیاندووەتە ئاستی خۆبژێوی و بگرە زیاتریش، ساڵانە ھەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، پێویستی بە ١٤٧ ھەزار تۆن گۆشتی مریشک ھەیە، لە کاتێکدا کێڵگەپەلەوەرییەکان ئێستا توانای بەرھەمھێنانی ٢٤٠ ھەزار تۆن مریشکیان لە ساڵێکدا ھەیە، ئێستا نرخی کیلۆیەک گۆشتی مریشک لەسەر کێڵگە پەلەوەرییەکان لە نێوان ٢٠٠٠ بۆ ٢٢٥٠ دینار دەکەوێت.
نەخۆشییەکە لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی دیکە بەخێرای دەگوازرێتەوە، پزیشکانی ڤێتەرنەری دەڵێن، ژمارەیەک نەخۆشی لەم وەرزەدا بڵاودەبنەوە، ھۆکارەکانیش زۆرن، لە ئێستادا نەخۆشی نیوکاسڵ و ئەنفلۆنزامان ھەیە، ئەو نەخۆشیە دەگوازرێتەوە، دەبێت خاوەن کێڵگەپەلەوەرییەکان مەرج و ڕێنماییەکانی پاکوخاوێنی جێبەجێ بکەن، ئەگەرنا نەخۆشییەکە لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی دیکە بە ئاسانی دەگوازرێتەوە، بەوەش خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان زیانێکی زۆر دەکەن. د. یاد محەممەد، پزیشکی ڤێتەرنەری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد، ئێستا نەخۆشی نیوکاسڵ و ئەنفلۆنزا لەنێو بەشێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی ھەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، ئەو مریشکانەی دووچاری نەخۆشییەکە بوونەتەوە ملیان خوار دەبێت و خواردن ناخۆن و کێشیان زیاد ناکات.
ئەو پزیشکە، دەشڵێ: ئەو جۆرە نەخۆشیانە لە کاتی گۆڕینی وەرزەکان زیاتر توشی پەلەوەر دەبن، لە حاڵەتێکدا دەتوانین ڕێگری لە نەخۆشییەکە بکەین بۆ ئەوەی ڕێژەی مردن لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان زیاتر نەبێت، ھەڵدەستین بە کوتانی مریشک دژی ئەو جۆرە نەخۆشیانە.