د. عومهر نوورەدینی: دهستوور بۆ سەقامگیری یاسایی و کاری دامەزراوەیی و کامڵکردنی سیستەمی سیاسیی ههرێمی كوردستان زۆر پێویستە
دانا لهتیف – ههولێر
پرسی نووسینی دهستوور یهكێكه له پرسه ههره گرنگهكانی وڵاتی كوردستان، كه كاریگهرییەکی بهرچاوی هەیە لهسهر بنیاد و كایه ئابووری، كۆمهڵایهتی، سیاسی و كولتوورییهكان. ئێمه له ڕۆژنامهی “ههولێر” زۆر به گرنگی دهزانین، كه له ڕێگهی دواندنی پسپۆڕ و نووسهر و فهلسهفهكار و یاساناسهكانهوه، ههوڵهكان چڕ بكرێتهوه بۆ ئهوهی ههرچی زووه پرۆسهكه جددیتر و خێراتر بكرێت.
لهم گفتوگۆیه، یاساناس و مامۆستای زانكۆ پرۆفیسیۆری یاریدهدهر دكتۆر عومهر نوورەدهینی دهدوێنین، ناوبراو، بێجگه لهوهی پێگهیهكی ئهكادیمیکی ههیه، له ههمان كاتیش، پێگهیهكی دیاری له نێو یاساناس و پسپۆڕهكانی ئهو بوارهدا ههیه.
ڕۆژنامهی ههولێر: ئاشكرایه كه ههرێمی كوردستان هێشتا دهستوورێكی تایبهت به خۆی نییه، به بۆچوونی تۆ، ههبوونی دهستووری بۆچی بۆ كوردستان گرنگه؟ ههبوونی دهستوور له چ ڕووییهكهوه سوودمان پێ دهگهیهنێت؟
د. عومهر نوورەدینی: بوونی دهستوور بۆ هەرێمی کوردستان لە زۆر لاوە گرنگ و بەسوودە، بوونی دهستوور بۆ خۆی ویستێکی دهستوورییە هەروەک لە ماددەی (١٢٠)ی دهستووری عێراقدا هاتووە: «هەرێم هەڵدەستێ بە دانانی دهستوورێک بۆخۆی». کە دهستوورمان نیە مانای ئەوەیە ئێمە تائێستا چاومان لەم ماددە دهستوورییە پۆشیوە و جێبەجێمان نەکردووە. بوونی دهستوور بۆ سەقامگیری یاسایی و کاری دامەزراوەیی و کامڵکردنی سیستەمی سیاسیی زۆر پێویستە، دهستوور شای یاساکانە و شەرعیەت لە ئیرادەی گەلەوە وەردەگرێ، بۆیە پێشێلکردن، پشتتێکردن و بازدان بەسەریدا بەبەراورد بە یاساکان کە لە پەرلەمان دەردەچن یان پەیڕەو و ڕێنماییەکان کە لە حکوومەت و دامودەزگا تەنفیزییەکان دەردەچن ئاسان نییە، بۆ نموونە تا ئێستا جگە لە خوولی یەکەم هیچ کام لە خوولەکانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆی نەکراوە و بەبڕیاری پەرلەمان دواخراوە، ئەگەر وادەی هەڵبژاردن و ماوەبەندی خوولی پەرلەمانی لە دهستووردا جێگیر بکرێ، هیچ کەس و حزبێک، پەرلەمان و حکوومەتیش ناتوانن دوای بخەن، لەبەر نەبوونی دهستوور لە ئێستادا بەشێک لە حزب و لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێ و کار بۆ ئەوە دەکەن جارێکی دی هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوابخەن. لەگەڵ بوونی دهستوور پرسی ڕێکخستنی ماف و ئازادییەکان و دەسەڵاتەکان و پەیوەندی نێوانیان بەشێوەیەک دەبێ سەقامگیر و چەسپاو دەبێ، ئەمەش دەرفەت بۆ دروستبوونی قەیرانی سیاسی کەمتر دەبێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٥ کێشەیەکی گەورەی سیاسی بەبیانووی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم درووستکرا، ئەگەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتەکانی لەناو دهستووردا بن و دەقنوس بکرێن ئەوکات دەبێ هەموو حزب و لایەن و دامەزراوەکان پێوەی پابەند بن و هیچ حزب و فراکسیۆنێک ناتوانێ هەوڵی هەموارکردنەوەیان بدات وەک چۆن یاسا هەموار دەکرێ. شایانی ئاماژەپێدانە کە بوونی دهستوور بۆ بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان بە بنەماکانی دیموکراسی و حوکمی یاسا و دامەزراوەسازی زۆر بایەخدارە، لەبارەی دهستووری دیموکراسیەوە هزرمەندی ناسراو (ڕۆبەت دال) باسی فکرەی دیزاینی دهستووری دەکات؛ ئەو پێیوایە دهستووریی باش دیزاینکراو کە زادەی هەلومەرجی گونجاو بێت هاوکار دەبێ بۆ بیناکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان، لێرەوە بەوە دەگەین کە بوونی دهستووری باش دیزاینکراو دەبێتە مایەی زیاتر بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان. لەوەش زیاتر هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سیاسیی خاوەن سەروەری بەو مانایەی لە یاسای نێودەوڵەتیدا هاتووە نییە، بوونی دهستوور تاڕادەیەک ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە، هەڵبەت لە چەندین لای دیکەوە بوونی دهستوور سوودی هەیە، بەڵام لێرەدا دەرفەت نییە لەوە زیاتر باسیان بکەین.
ڕۆژنامهی ههولێر: بهدڵنیاییهوه دهبێت له دهستووری كوردستان، شێوازی حوکمڕانییی دیاری بكرێت، به ڕای تۆ، باشترین سیستهمی حوکمڕانیی بۆ ئێستای كوردستان سیستهمی سهرۆكایهتییه یان پارلهمانی، یان پێویسته پهنا بۆ سیستهم و شێوازێكی تر بهرین؟
د. عومهر نوورەدینی: زۆر گرنگە ئەوە بەهەند وەربگیرێ کە دەبێ ئێمە لەناو دهستووردا سیستەمێکی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان پێکبهێنین زادەی مێژوو و واقعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ئابووریی گەلی هەرێمی کوردستان بێ نەک کۆپی ئەم و ئەو وڵات و دەوڵەتە بێ، لە نێوان سیستەمە سیاسییە هاوشێوەکاندا خاڵی هاوبەش و بنەمای وەک یەک هەن، بەڵام سیستەمی سیاسیی هیچ دەوڵەت و قەوارەیەکی سیاسیی بەتەواوی لە یەکێکی تر ناچێ، ئەمە بۆ ئێمەش دروستە و دەبێ وابکەین، دەمەوێ بڵێم لەم بابەتەدا دەبێ ڕەچاوی جۆرێک لە نەرمی پۆزەتیڤ بکەین و کۆنکرێتیانە و بەتوندی خۆمان گرێ نەدەین بە نموونەی ئێرە و ئەوێ و هەتا خۆشمان زۆر کۆت و بەند نەکەین، چونکە وەک ڕۆسۆ دەڵێت: توندوپتەوی لە دهستوور و یاساکان ڕەنگە ببێتە مایەی بزربوونی دەوڵەت لە قەیرانەکانیدا. لە پرسی سیستەمی سیاسیی و دهستووردا دوو خاڵی گرنگ هەن کە کاریگەرییان هەیە؛ یەکەم لە دهستوری عێراقدا لە ماددەکانی (١٣) و (١٢٠)ـدا هاتووە کە نابێ دهستووری هەرێم ناکۆک بێ لەگەڵ دهستووری عێراق، هەروەها لە ماددەی (١) دا هاتووە کە سیستەمی حوکمڕانی عێراق کۆماری پەرلەمانی دیموکراسییە، بۆیە دەبێ لە دهستووری هەرێمدا پابەند بین بەوەی سیستەمی سیاسیی هەرێم هاوشێوەی عێراق بێ. خاڵی دووەم ئەوەیە کە لەناویاسا بنەڕەتییەکانی هەرێمدا (یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان، یاسای ئەنجومەنی وەزیران، یاسای دەسەڵاتی دادوەری) وێنای سیستەمی سیاسیی هەرێم بەشێوەیەک کراوە کە سیستەمێکی پەرلەمانی دیموکراسیی بێت، ماوەی (٣٠) ساڵە ئەم یاسایانە بەرکارن و مێژوو و کولتوورێکی سیاسییان دروست کردەوە و بەرهەمهێناوە کە جێگە و پێگەی خۆی قایم کردووە و ناتوانرێ بەئاسانی پشت لەم میراتە سیاسیی و یاساییە بکرێ. لەگەڵ ئەوەشدا، دەتوانرێ وابکرێ ڕەچاوی تایبەتمەندی گەل و قەوارەی خۆمان بکەین، بۆ نموونە قەوارەی سیاسیی هەرێم کە سەروەری نێودەوڵەتی نییە پێویستی بە سەرۆکێکی بەهێز هەیە، بەهێز بەمانای ئەوەی پشت ئەستوربێ بە ئیرادەی گەل تا بکارێ دهستوور بپارێزێ، نوێنەرایەتییەکی شایستەی گەلی هەرێم بکات لای دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی، بۆیە ئاساییە کە سیستەمی سیاسی هەرێمیی کوردستان پەرلەمانی بێ، بەڵام سەرۆک لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردرێ، بەمە سیستەم نابێتە سەرۆکایەتی، چونکە لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراو کابینەی حکوومەتی هەڵبژێردراو لەلایەن پەرلەمانەوە لە ئارادایە.
ڕۆژنامهی ههولێر: ئاشكرایه كوردستان وڵاتێكی فرهنهتهوه و فره ئایینه، به ڕای تۆ دهكرێ دهستووری كوردستان بتوانێ ڕهچاوی بارودۆخی كۆمهڵایهتیی و كولتووری و سیاسیی و ئایینی ئهو نهتهوه و ئایینه جیاوازانه بكات؟
د. عومهر نوورەدینی: لە بوونی گەردوون و ژیان و مرۆڤایەتیدا فرەیی ئامادەبوونی گەورەی هەیە، دەکرێ بڵێین وجود لە ئەساسدا وجودێکی فرەییە، ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆمەڵگەی کوردستان فرەنەتەوە و ئایین و مەزهەب و پێکهاتەیە، دەبێ ئەم واقعە لەناو دهستووردا ڕەنگبداتەوە، بۆیە گرنگە بەئاشکرا و بە باوەڕی قووڵمانەوە لە دهستووردا ئەوە بڵێین کە گەلی ئێمە فرە پێکهاتەیە، دوای ئەم دانپێدانانە ماف و ئازادیەکانیان و چۆنیەتی بەشداریان لە ژیان و دەسەڵاتی سیاسی لە دهستووردا جێگیر بکرێ، ئەمە بۆ ئێستا و ئاییندەی هەرێمی کوردستان مانا و بەهای ستراتیژی هەیە و دەبێ، سەرکردایەتی و دەسەڵاتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان کارێکی زۆر باشیان کردووە کە واقیعییانە و دیموکراسییانە و مەدەنییانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسە کردووە و لەناو سیستەمی یاسایی و سیاسییدا بایەخیان پێداوە، ئەم بایەخدانە بە بوون و ماف و ئازادی پێکهاتەکان خاڵێکە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەرێمی کوردستانی بەمانا باشەکەی جیاکردۆتەوە لە بەغدا و دیمەشق و تاران، ئەمە جگە لە ئاستی ناوخۆ لەسەر ئاستی دەرەکیش گرنگ بووە، بەتایبەتی بۆ مانەوە و پاراستنی هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو هۆکارانەی وای کرد جەنابی پاپا سەردانی هەولێر بکات ئەم پرسە بوو هەروەک خۆی لەو نامەیەدا کە دوای گەڕانەوەی بۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی نارد بەئاشکرا باسی دەکات. لەو ڕوانگەوە زۆر بەپێویستی دەزانم پانتاییەکی باش لە دهستووری هەرێمدا بۆ ماف و ئازادی و بەشداری سیاسیی پێکهاتەکان تەرخان بکرێ و لەسەر بنەمای مەدەنی و دیموکراسییانەی وا دابڕێژرێن کە هەرێمی کوردستان زیاتر ببێتە نموونەی باڵای شاهیدی بۆدراو لە پێکەوەژیانی ئاشتیی و پیادەبوونی ماف و ئازادیی پێکهاتەکان و فرەیی سەردەمیانە و شارستانییانە.
ڕۆژنامهی ههولێر: وهك ههموومان دهزانین مشتومڕێكی زۆر لهبارهی ئهوه دهكرێ كه دهستووری كوردستان ئیسلامی بێت یان سیكۆلاریزم، به ڕای تۆ، كوردستان دهكرێ دهستوورێكی ههبێت ههم ڕهچاوی تێگهیشتنه ئایینییهكان بكات و ههم رهچاوی تێگهیشتن و بهها گهردوونی و سیكۆلارهكان بكات؟ به ڕای تۆ چۆن دهكرێ لۆژیكییانه و ورییانه مامهڵه لهگهڵ ئهم پرسه بكهین؟
د. عومهر نوورەدینی: پرسی ئایین و ڕێکخستنی لە دهستووردا دەبێ بەجدی و بەهەند وەربگیرێ بۆ ئەمە هەندێ بنەما گرنگن؛ لەوانە: بەرجەستەکردنی ئازادی ئایینی، چونکە وەک چۆن سیستەم بۆ ئازادی پێویستە، ئازادیش بۆ سیستەم پێداویستییەکە بۆ بوون و مانەوە و سەرکەوتن. هەروەها داننان بە واقعی فرەئایینی و مەزهەبی و وێناکردنی ناسنامەی ئایینی گەل. لەوەش واوەتر ڕەچاوکردنی کاریگەری دووسەرەی نێوان ئایین و دەوڵەت لەیەکتری. لەم ڕوانگەوە دەقنووسکردنی ئەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ناسنامەی سەرەکی زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمە پێویستە، لەگەڵیشیا ئاماژەدان بە وەی بەشێک لە هاووڵاتیان ناسنامەی ئایینی خۆیان هەیە وەک مەسیحی و ئێزدی وهتد، بابەتێکی دیکە ئەوەیە چۆن پەیوەندی نێوان ئایین و تشریع لە دهستووردا ڕێکدەخرێ، بۆ هەرێم واباشە هاوسەنگی هەبێ و بەشێوەیەک بپارێزرێ کە لەقەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا ئایین نەبێ بە هی دەوڵەت و دەوڵەتیش نەبێ بەهی ئایین، ڕوونتر بڵێم ڕێکخستنە دهستوورییەکە وانەبێ کە دەوڵەت ئایین بۆ خۆی ببات و بیکاتە مڵکی خۆی یان ئایین دەوڵەت بۆخۆی ببات و بیکاتە مڵکی خۆی، واته دهستوور وابکات ئایین بۆ باوەڕدار و شوێنکەوتووەکانی بێ و دەوڵەت بۆ هەمووان .
ڕۆژنامهی ههولێر: ئایا ههبوونی دهستوور بۆ كوردستان، ڕێگهخۆشكهره بۆ ئهوهی یهكڕیزی سیاسییی بباته قۆناغێكی باڵاتر و هێزه سیاسییهكانی كوردستان یهكڕیزتر بن؟
د. عومهر نوورەدینی: سەرەتا گرنگە ئەوە بڵێین کە یەکڕیزی بەمانای نەمانی ململانێ و پێشبڕکێی سیاسی بەتایبەتی لە پێناو دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو لە مۆدێلی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا بۆ کۆمەڵێک ئامانجی گەورەی هاوبەشە وەک: مانەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگهی ڕووبەڕووبوونەوەی هاوبەشی ئەو مەترسی و ئاڵنگاریانەی کە هەڕەشە لە بوون و مانەوەی هەرێمەکە دەکەن، یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکان کە بریتییە لە کێشەی خاک و نیشتمان، پێگە و جێگەی هەرێم لەناو دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و بەشداری کارا لەناویاندا، بەش و موستەهەقاتی دهستووریی لە داهات و دەرامەت و بودجەی فیدراڵ، ئامدەبوونێکی شایستە لە ناو سیستەمی ئەمنی و بەرگریی عێراق بەشێوەیەک کە توانا و هێزی سەربازی و ئەمنیی عێراق ببێتە مایەی دڵنیاییمان نەک مایەی هەڕەشە و نیگەرانی. ئەگەر دهستوورمان هەبێ بەشێک لەو پرس و هۆکارانە یەکلا دەکاتەوە کە ئەوسا بوونەتە هۆی لێکترازان و تەنانەت شەڕی ئەهلی هەر بۆ نموونە: دهستوور باشتر لە یاسا حزبی کوردستانی دەکات بە حزبی هەڵبژاردن، بەشێوەیەک کە هێزی سەربازی و پێشمەرگە لە بوون و ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردن و بەکارهیناندا لای حزبی کوردی ناهێڵێ و دەیخاتە بازنەی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان، بەشێک لەو لێکترازان و ناسەقامگیریە ناوخۆییەی لە کوردستان هەبووە پەیوەندی بە بوونی ڕوئیای جیاوازەوە هەبووە لەسەر سروشتی سیستەمی سیاسی، دەسەڵاتەکان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، لامەرکەزیی ئیداری و سیاسی و بەهەرێمبوونی پارێزگاکان، ڕیکخستن و کۆکردنەوەی داهات، نەبوونی یەکگرتوویی لە چالاکی ئیداری وحوکمڕانی، ئیدارەدانی پەیوەندییەکان و ئاراستەکردنیان. تاڕادەیەکی زۆر بوونی دهستوور کۆتایی بەم حیکایەتە دابەشکاریانە دەهێنێ، واته دهستوور دەبێتە هۆکار بۆ زیاتر کامڵبوونی سیاسی و باشتر ڕێکخستنی ژیانی سیاسی کە دەرفەتی لێکترازانی کوشندە کەمتر دەکاتەوە، بەڵام پێمان وابێ بەیەکجاری کۆتایی پێ دەهێنێ ئەو گوللەڕایە سەردەکات و نیشانەکە ناپێکێ.