دەبێ هەموومان لەشکۆی ژنێکەوە بڕوانینە پەروەردەی ژیان تابزانین زیندووبوون چ هەستێکی خۆشە

 

ن: ئازاد پێنجوێنی

یادکردنەوەی کەسایەتییە دەگمەن و باشەکان وەکوو وتوێژ کردنە لەگەڵ کتێبی ناو ڕەفەکان چوون کە ئەوان کۆمەڵە عەقڵێکی گەورەی ڕابردوون بۆ ئێستاو داهاتوومان، ئێمە ژنێک دەناسین کەزۆر بەختەوەرە چوونکە کارێک کە لە ڕابردوو پێوەی سەرقاڵ بوو ئەمڕۆ بۆی بوەتە سمبووڵی ژنایەتی، شتێک کەهیوای پێبوو یەجوانی فێری کردین، ئەوا ئەمڕۆ خۆی بوەتە بەشێک لەهیوا تاچاوی لێبکەین و ڕێگا تیوارو مرواریەکانی دووبارە بکەینەوە، مامۆستایەکی ژیاندۆست و هەڵقوڵاوی ڕێڕەوی گەیاندنی ئاکاری جوان بوو، بۆیە ئەمڕۆ ناچارین دڵسۆزیەکانی بنووسینەوەو هەڵگری سیفاتی ڕێڕەوی ئاکارەکانی ببین.
کلۆ بەفرەکانی ئەو دەمی بەیانیە تەواوی شاریان سپی پۆش کردبوو، جادە چۆڵ و سێبەربوو. ژنێکی خانوومان و شیکپۆش کە جوان خۆی پێچابوو ڕێی دەکرد بەشەقام و کۆڵانەکاندا هەرهەنگاوێکیش کە دەینا پێیەکانی ئاوێتەی بەفرەکە دەبوون و ئاوازێکی نەغمەی کۆکۆختیان دەردەکرد، بەڕاستی سەرماو سۆڵەیە و پیاو ڕەق دەبێتەوە کەچی ژنێک بەهیواوە لەدەرەوەیە و سەرمای نابێت تاکە هۆکاریش حەزو ئاوات و خەمی گەورەی پێگەیاندنی پۆلێک قووتابییە کە لەچاوەڕوانی ئەم ژنە شکۆمەندەدان تادواڕۆژ هەریەکەیان پێگەیەکیان هەبێت و نیشتمان پڕبکەن لە عیلم و مەعریفە.
زەنگی سەعاتەکەی کەبەدیواری دائیرەی معاریفەوە بوو لێدار هاتوچۆکەرانیش بەناو چوارچێوەی سەرادا هەریەکەو بەلایەکدا دەڕۆیشتن، خاتوونی دڵسۆزو کەسایەتی بەرچاو و گرنگی شار ( گوزیدە قەفتان) زۆرلەسەرەخۆ بەچوار دەوری دارتەلەکانی ئەمبەروئەو بەری سەرادا پۆلێک ڕیشۆڵەو باڵندەی کۆچەری بینی کە کت ومت دەت وت بەسەر سەری گوزیدەخانەوەن، ڕێک واش بو ئەم ژنە بەئەمەکەی شار لەکوێوە سەری دەردەکرد ئەومەلانەش بەو ئاسمانەوە لەڕێکی ئەودا لەباڵەفڕێیان دەدا،هەناسەیەکی ئارامی دایەوەو پاشماوەی ئەوبەفرەی لابرد کەلەسەر ئەولەوحەیە کۆبوبوەوە کەلێی نووسرابوو (لەبیرم دێ سلێمانی کەدارول موڵکی بابان بوو، نەسوخرە کێشی عەجەم نەوالی عوسمان بوو) مامۆستا بەزەردەخەنەیەکەوە لەبەرخۆیەوە ووتی :” ڕەحمەتت لێ بێ شێخ ڕەزا جوانت فەرمووە، ئیدی بەلێواری مەکتەبی فەیسەڵیە شۆڕبویەوە بۆخوارەوەو سڵاوێکی لەماموستا (جەلال)ـی پیاوی پەروەردەو بەڕێوەبەری مەکتەبی فەیسەڵیە کردو بەرەو شەقامی نالی ڕۆیشت،، چەندە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و دەگمەن بو کەخاتوونی ناوازە بەوناخە سپیەیەوە چەشنی ئەوکڵۆبەفرە سپیانە وێنای ژین کردنی تێدا دەردەکەوت.
هەموو شتێک تەم تومانە تەواوی پەنجەرەی ئامادەیی سلێمانی شوشەکانی بوونەتە تەم، خۆ ئەوە قوتابییە گوێ ڕایەڵەکانیش چاویان لەنێو دەروازەی قوتابخانەکەیە ئاخۆ کەی دایکە فریاد ڕەسەکەیان دەگات، قووتابییەک لەدوورەوە خاتوو گوزیدە قەفتانی بینی کەبەفرەکەی لەکڵاوەکەی سەری و پاڵتۆکەی دەکردەوە، لەنێو ئەوحەوشی قوتابخانەیەدا گوزیدە خان بەهەزار حاڵ دەبینرا چوونکە ئەوەندە ناخی سپی ببوو بەشێک لەبەفر هەرئەوەندەی بڵێی یەک و دوو هەڵمی شووشەی پەنجەرەکان نەمانچوون قووتابییەکان ئولفەتیان گرتبوو و لەخۆشەویستی مامۆستا دڵسۆزەکەیان هەموو بەیانیەک لەسەر هەڵمی شووشەکان وێنای ئایندەیەکی گەورەی خاتوونیان دەنەخشاند و دەیاننووسی ” بەخێر هاتی دایکی مەزن “ئێمە ڕۆژەکانمان تێپەڕدەکەین ناشکرێ بێ دەنگو چاو داخراو بین گرنگە ناوبەناوێ هەڵوێستە بکەین و تێڕامێنین لەڕۆحی بێگەردی ئەو شێرە ژنانەی کە بێ ئەوەی پیاوێک لەپشتیانەوێ بێ خۆیان مەزنن..
لێرەدا ژنێکی سەنگین و سەلاری ئەسڵزادەی ئەم خاک وخۆڵە کە لەوجودی ئاووهەوای نەسیمی جوکرافیای ناوچەکەدا وجوودیان لەڕەهەندی فراوانی لێهاتوویی و دڵسۆزیەکانی بۆ نیشتمان بوەتە بەشێک لە ڕەهەندی نیشتمان و شوێنەواری دڵی هەموو تاکێکی کورد لەسەردەمی زێڕینەوە تاوەکوو ئەمڕۆ و هەموو سەردەمەکانیش جێگای شانازی و یادکردنەوەن.
ئەی هەرخۆیان نەبوون هەموو جارێک بە قووتابییەکانی دەووت ڕووبەڕووی عیللەتی نەخوێندن ببنەوە چوونکە هەمیشە فرسەتێکی لەبارە بۆ گەشە سەندنتان، دەشی ووت:” نەزانین و نەخوێندەواری بەئازارترین زام دەخووڵقێنێ و بنیادەم لەناودەبات و بۆ هەمیشە بەرەو تاریکایی دەیبات و نیشتمانتان دەخاتە ئەنگوستەچاو. خاتوونێکی نازدارو نەرمونیان و لەسەرەخۆ هەموو جارێک پێش ئەوەی دەست بکات بەوانەکانی ئەمەی بەقووتابیەکانی دەووت” .
ئەو فریشتەیەکی ژن بوونە لەسیفاتی دەگمەنیدا هۆش و بیریان لەلای پێگەیاندنی هەزارەها قوتابی بوەو دڵیشیان لەئاسمانی شاردایەو بە خۆشەویستییەوە وانەی ڕێزگرتن لەبەهاکانی جوکرافیای ژیان بەقوتابییەکانی قوتابخانەی (فریشتە) دەوتەوە، لەهەنگاوەکانیدا لێهاتوویی بوەتە ئاشتی خوازی قوتابخانەی (ئاشتی)،، جەنابیان ڕاوێژکارێکی سەردەمی نوێ بونەو وانەی پڕ بەسوود و ئاکاری جوانو خۆشەویستنی بۆخوێندن لە سەردەمی زێڕیندا فێری نەوەکانی دەکرد.
خاتوو گوزیدە خان لەنێو تابلۆ هەڵواساوەکانی دڵی مرۆڤایەتیدا، لەڕیزی ژنە نەجیب زادەکانی سلێمانیە کەنموونەیان،(ساحیبە نوری و مونیرە قەفتان و ناهیدەی شێخ سەلام و زەینەب خانی خوشکی دڵداری شاعیرو حەپسەخانی نەقیبن) هەرخۆشیانن لەودیو پەنجەرەی بینایەکی کابوس ئاسا بەردەوام ڕیحانە و گوڵە بەیبون لەنێو ئینجانەکانی لێواری پەنجەرەکە دەڕوێنن تا مرۆڤانی توش بوو بەشێرپەنجە هەناسەیەکیان بۆ بگەڕێتەوە، 45 ساڵە پەرتوک و خامەو تێنوس و کیژانی گوێڕایەڵ و کون و قوژبنی شارە حەیاتەکە لەژێرسایەی تواناو لێبوردەیی و خۆنەویستی تاقانە ژنێکی شاردا هیوا کۆدەکاتەوەو هەنگاوە گەورەکانی دەسپێرن بەمێژوویەکی پرشنگداری ( گوزیدە قەفتان)،گۆڕت پڕ لەنور (ساڵح عبدولرەحمان قەفتان) کە ئەم زارۆکەیەت پەروەردە کردو گەورەت کردو کردە دیاری بۆنەمانی جاهیلیەت و کووشتنی نەزانین، خۆ ئەوە ئامادەیی سلێمانی کچان شانازیەکانی ئەرشیف کردوە ئەو تا ئێستاش هەناسەکانی بەلێواری تەباشیرو تەختەڕەشی پۆلەکانەوە ماوە کەباشترین وانەی دەنوسی لەسەریان.
ئاخر کە جەنابیان وەک بەڕێوەبەر دەستبەکاربوون، ئەوقوتابخانەیە گەیشتە ئەوپەڕی گەشەکردن لە زانست و هونەر و وەرزش، چ زێڕینێکە ژنێک وەک زێڕو گەوهەر مەدالیایی شۆڕە سواری لێهاتوویی ژنی پێڕەوابینراوە.
گوزیدە قەفتان ئەو ژنەیە کەلەشانازیەکانی سەردەمی زێڕیندا ترپەکانی دڵی دەبوونە هەوێنی ڕۆشنایی بۆ ئان وسەردەمەکان،ژنێکە سەرشێتانە خەیاڵە جوانەکەی دەفڕی تا جوکرافیا ئاشنا بکات بەئاشنابوونی خۆشەویستی بێسنووری زێدو سەرچاوەی هەڵقوڵاوی خۆدۆزینەوەو خاک خۆشەویستی، مامۆستایەکە لەنێو ڕووناکی ژێر گڵۆپەکانی شەودا هەمیشە وەک هێزو بەختەوەری (مۆر) ئەینواند، تاقانە ژنێکی پەروەردەکارە کە ڕۆحی قوتابیەکانی هەمیشە بەبارانی حەزەکانی ئاو پرژێن دەکرد، ئەو کەسایەتی بوێرو داناو ژیری شارە لەدامێنی خاک پەرستیدا شۆڕە ژنێکی ئازایە کەهەرگیز چۆکی دانەداوە بۆ هیچ ڕژێم و دەستەو تاقمێک، ئەو تاکە ئاواتی ئەوەبو بۆ ئەوەی ژیان جوانتر بکەین با بۆخۆمان نەژین بەڵکوو بۆ کۆمەڵگەکەمان بژین، گوزیدە خانی دەگمەن ئێستاش لەناوماندا هەناسە دەدات و هەرکاتێکیش دەردەکەوێ ئەم سلێمانیە جوانتر دەبێ چوونکە بەهۆی هەناسەکانی جەنابیانەوەیە هێشتا سلێمانی هەناسەی تێداماوەو ڕۆشنایی بوونی هەیە، ئیدی بەخوا ئەندێشەم لەلێواری وەستاندایە ناتوانم بنووسم بۆ مامۆستای ئەسڵزادە ئاخر نووسینەوەی هەزاران خەیاڵ و وشەی تازەی پێویستە کەمن لەئاستی ئەو شێرە ژنەدا دۆش داماوم، بەڵام هەرئەوەندە دەڵێم نابینە سۆفی گۆشەی خانەقا دەبینە شەیدایی هەنگاوە گەورەکانی خاتوو (گوزیدە قەفتان) و بۆ هەمیشە زاهیدی خەڵوەتنشینەکانی خزمەتە بەرچاوەکانی دەبین کەهەموو ژیانی لەپێناو پەروەردەو ڕۆشنبیری و فێرکردنی کۆمەڵگەکەی بوو.