دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
لـــــــوتکەی وەجـــــــد
وەک چۆن پەیامهێن یەکێکە لەو قەومەی بۆی ڕەوانە دەکرێت، شێخیش هەر یەکێکە لە کۆمەڵەکەی خۆی. شێخ لەنێو حەقیقەتی موحەممەدیدا بزر دەبێت، چونکە موحەممەد لە لایەن خواوە ڕەوانە کراوە، ئیدی وەک ئەوە وایە، شێخ ئیلهامی لە خواوە بۆ بێت، ئەوە بۆیە مورید هێندە بە شێخ سەرسام دەبێت، وەک لەناویدا فانی بووبێت. مورید هێندە متمانەی بە شێخەکەی هەیە، هەر دەڵێیت جادووی لێ کراوە، ڕووی داوە شێخ بەد سوودی لەو متمانەیەی موریدانی کە زۆریان بێسەواد بوون، وەرگرتووە و بەهۆی ئەو دیارییانەوە کە لە موریدە (هەژار)ەکانییەوە بۆی هاتوون، (دەوڵەمەند) بووە.
لە دەروێش وابووە، شاڕێی ڕزگاریی ئەبەدی، ئیللا بە شێخدا تێپەڕ دەبێت، یەکێک لەو دیاردانەی کە زادەی دەروێشایەتییە، سەردانی خەڵکە بۆ مەزاری پیاوچاکان، بەو ئومێدەی خواستەکانیان بەدی بێن. زیندوویەک پێویستی بە شتێکە، دەچێت لە مردوویەکی دەخوازێت، بە هیوای ئەوەیە، شوێنەواری گۆڕێک کە هەندێک بەیداخی سەوزی پێوەیە، کێشەکەی بۆ چارەسەر بکات! ڕەشپێستانی ئەفریکایش، کە لەڕێی واعیزە سۆفییە گەڕۆکەکانەوە چووبوونە سەر دینی ئیسلام، چونکە خۆیان پێ وەچەی بیلالی حەبەشی بوو، مەزاری ئەم شێخ یان ئەو وەلییان بە فەریادڕەس دەزانی و کە لێیان دەقەوما هانایان بۆ دەبرد.
(زوهد)ی سەختیش هەیە، وەک خەڵوەتی سەرەوخوار، سۆفی خۆی بە قاچ هەڵدەواسێت، سەری شۆڕ دەکاتەوە، بۆ ناو بیرێک و بەو حاڵەوە خەریکی خوێندنی قورئان دەبێت. هارووت و مارووت، وەک لە قورئاندا باسیان هاتووە، دوو فریشتە بوون، چونکە خەڵکیان فێری جادوو کردووە، خودا غەزەبی لێ گرتوون و لە بیرێکدا سەرەوخوار بە جۆرێک هەڵیواسیون، دەمیان نەگاتە ئاوەکە و تا قیامەت هەر تینوویان بێت. خوا چۆن سزای ئەو دوو فریشتەیەی داوە، سۆفییش وەها خۆی سزا دەدات. نالی موددەعی و ڕەقیبی بەو دوو فریشتە غەزەب لێ گیراوە شوبهاندووە.
(ڕەقیب و موددەعی، فیتنە و عیلاقەی چاوی جادووتن
لە گۆشەی گۆشەوارەت، نائیبی هارووت و مارووتن.)
گۆش، گوێیە، گۆشەوارە، گوارەیە، جووتە گوارەکەی گوێی یار، ئەو دوو فریشتەیەی وەبیر نالی هێناوەتەوە. ئەو جۆرە خۆسزادانەی سۆفی، دەشێت جۆرێک بێت لە یۆگا. دەڵێن حەللاج بینراوە، لەسەر سەر خۆی ڕاگرتووە، نوێژی کردووە و شێخ عەبدولقادری گەیلانییش کە لە ئیستانبووڵەوە تا دەلهی هەواداری هەبووە و بە فەریادڕەسی هەرەگەورە ناسراوە، لەسەر یەک لاق ڕاوەستاوە، زیکری کردووە و قورئانی خوێندووە.
(وأعبد ربک حتی یأتیک الیقین. نەحل ٩٩) سۆفی هەبووە، وای بۆ چووە چونکە بە یەقین گەییشتووە، ئیدی پێویستی بەوە نییە، نوێژ بکات، ڕۆژوو بگرێت، یان بچێت بۆ حەج. ئەبوو سەعیدی کوڕی ئەبی ئەلخەیر کە ١٠٤٩ی زایینی کۆچی دوایی کردووە، بۆ حەج نەچووە و گوتوویەتی: کەعبە دێت و لە دەوری سەرم دەسووڕێتەوە. زۆر لە سۆفییانی دیکەیش پێیان وابووە، ئەوی بگاتە پلەی کەمال، ئیدی پێویستی بەوە نابێت، خۆی بە سرووتی ڕووکەشی دینییەوە سەرقاڵ بکات. لەکن ئەبوو سەعیدی کوڕی ئەبی ئەلخەیر، (سۆفیگەری: شکۆیە لە کوێرەوەریدا، زەنگینییە لە هەژاریدا، سەروەرییە لە خزمەتکاریدا، تێرییە لە برسییەتیدا، ژیانە لە مردندا و شیرینییە لە تاڵیدا.)
ئەوەی هەندێک لە دەروێشان، بە تایبەتی ڕەفاعییەکان کە بە دەروێشە گرینۆکەکان ناویان ڕۆیشتووە، مار و دووپشک دەخۆن و خۆیان بە تیغ بریندار دەکەن، لە ڕوانگەی زۆر لە گەورەسۆفییانەوە، لە سەرلێشێواوی بەولاوە، هیچی دیکە نییە، ئاخر ئیمان ئەوەیە، قووڵ بە ناخدا ڕۆ دەچێت و دەبێت بە یەقین. شازەلییەکان پێیان وایە: ئەوی نیازی گەیشتن بە حوزووری خوای هەبێت، بەردەوام ترسی مەکری خوای لە دڵدایە، ئاخر دەشێت ئەوەی پێمان دەبەخشێت و بە پاداشتی دەزانین، لە کرۆکدا سزا بێت، بۆیە نابێت، هێندەی چاوترووکاندنێک لە ملکەچیی بۆ خوا، غافڵ ببین. چۆن دەگەینە لای خوا؟ هەر بەهۆی خوا خۆیەوە. پەردەیەک کە لەنێوان عەبد و خوادا هەبێت، نەفسە، کە پێویستە بەهۆی خواوە بە گژیدا بچینەوە و بە زمان و بە دڵ و بە هەموو بوونمان سەرقاڵی شوکری خوا بین، تا هەموو چرکەساتێکی ژیانمان بریتی دەبێت لە شوکری خوا.
لای ئەبوو ئەلجەناب ئەحمەد کە بە (الطامة الکبری) (بەڵای گەورە، بلیمەتی گەورە، کارەساتی گەورە) ناسراوە، ئینسان وێنەیەکی گچکەی گەردوونە، ئاخر هەموو پێکهاتەکانی گەردوونی تێدا کۆ بووەتەوە. ئینسان ناگاتە ئاستی خوا، بەڵام بێجگە لە ڕەحمان و ڕەحیم، بۆ ئاستی سیفەتەکانی دیکەی خوا هەڵدەکشێت. گەیشتن بە سیفەتەکانی خوا، پێویستی بە ڕەچاوکردنێکی توند و وردی دە ڕێنوێنی هەیە کە بریتین لە: پشتکردنە خواردن، دەرنەچوون لە قسەی ڕێبەر، بەردەوام خۆڕاگرتن بە پاکژی، بەردەوامبوون لەسەر بەڕۆژووبوون، بێدەنگی، دوورەپەرێزی، زیکری خوا، هانابردن بۆ وەلییەک بۆ لێکدانەوەی خەون، قایلبوون بە هەموو فەرمانێکی خوا، وازهێنان لە نوێژکردن بە نیازی پاداشتی ئەو دونیا.
سۆفی کە لە دوورەپەرێزیدا لە ناوەکانی خوا ڕادەمێنێت، نووری ڕەنگاوڕەنگی بۆ ئاشکرا دەبێت، هەر یەکێک لەو نوورانە بەڵگەن بۆ شتێک. نووری سەوز باڵاترینیانە و نیشانەیە بۆ ئاسوودەیی و نزیکبوونەوەی ڕەحمەتی خوا. نووری سپی ڕەمزە بۆ ئیسلام، زەرد بۆ ئیمان، قاوەیی بۆ ئیحسان، شین بۆ یەقین و سوور بۆ عیرفان. ڕەنگی ڕەش بەڵگەیە بۆ هەیەمان، کە بە مانای لوتکەی وەجد و ئەوپەڕی سەرسامی دێت و هەیمان کەسێکە حەیران بە ئەڤینی خوا. ڕەش نووری زاتی خوایە، نابینرێت، بەڵام بە هۆیەوە دەبینین. ڕەش ڕەمزی شکۆی خوایە، جوانیی خوایی، لە هەموو ڕەنگەکاندا خۆی دەنوێنێت.