عومەر چنگیانی
بەشی سێیەم:
دیارە ئەو پرسیارە بێوەڵامانەی مرۆڤ لە یەكتری دەپرسن، لە خۆیانی دەكەن، ئاراستەی زانایانی دەكەن، ئاراستەی هەموو پێغەمبەرێكیش كراوە ـ دروود و سڵاوی خوایان لێ بێت ـ جا لە لای خوای گەورە و میهرەبان، نە بێوەڵامە و نە فەرامۆش كراون و نە فەرامۆشیش دەكرێ، نەخاسمە بڕوادار چاك دەزانێ هیچ شت لە خوا نە بزر دەبێت و نە ون، وەك قورئان بۆ خۆی دەفەرمێت:
بەڵام وەك شێوازە قورئانییەكە لە وەڵامەكەیاندا ئاماژە بەوە دەكا، وەڵامدانەوەكانیان بۆ كەی هەڵگیراوە؟
بە شێوازی جووڵاندن و هەژاندنی مێژی، مێشك، هەست، دڵودەروون، لە وەڵامیشدا پرسیار دروست دەكات و لە ئایەتی سیانزەدا دەفەرمێت:
وەڵامەكان هەڵگیراون “بۆ ڕۆژێك كە ڕۆژی یەكلاییكردنەوەیە، یەكلاییكردنەوەی نیگەرانی و لێكحاڵی نەبوون، داد و ستەم، هەق و ناهەق، ڕاست و چەوت، درۆ و ڕاستی”.
كە ناوی ڕۆژی یەكلاییكردنەوەیە، یان ڕۆژێكە یەكلاییكردنەوەكەی تێدا فەراهەم دێت!
خوێنەری بەڕێز! پێغەمبەرێك لە نێو كۆمەڵگایەكی نغرۆ لە نەفامیدا، پێغەمبەرێك كە بە پێوەری پیتناسین بێت، نەخوێندەوار و بێئاگایە لە پەیامی پێغەمبەرانی بەر لە خۆی، چی لە بارەی ئەوڕۆژەوە دەزانێ كە یەكلاییكردنەوەكەی تێدا جێبەجێ دەبێت و نەهاتووە و كەسیش بەدەر لە خوا نازانێ كەی و لە كوێ و چۆن دێت؟
هەربۆیە قورئان وەك سروشتەكەی خۆی لە هەر جێگایەك كە بە “تۆ لە كوێ دەتزانی” ڕووی گوتاری تێ كردبێت، زۆری پێ نەچووە، ڕوونكردنەوەی داوەتی و بەرچاوڕۆشنی كردووە، بەڵام كە بە ڕستەی “ومایدریك” بووبێت قەتاو قەت ئەو زانستە لە تایبەتمەندیەتی خوا نەكەوتووە و ناكەوێ و پێغەمبەریش هەر ئاگادار ناكرێتەوە لێی، جا لێرەدا لە ئایەتی چواردە بە شێوازی “وما ادراك” پێی دەفەرمێت:
“تۆ لە كوێ دەتزانی ڕۆژی یەكلاییكەرەوە چۆنە و چییە؟”
بەڵام لەو پرسیار دروستكردنە پڕ لە حەزی بۆ وەلام زانین جووڵاندنەدا، نایهێڵێتەوە و پێی دەفەرمێت:
“ئەو ڕۆژە، ڕۆژێكە كە دۆزەخ، وەیل، تێیدا بۆ ئەوكەسانەیە كە ئایینیان بە درۆ داناوە و پێغەمبەرانیان بە درۆ خستووەتەوە”.
ئەم ڕستەیەیش، كە وەك سەربەندێكی نێو كۆپلە گوتەیەكی شیرین وایە، ـ گەرچی پڕیەتی لە نزا و سۆزی دان بە تۆڵە ـ “دە جار” لە سورەتەكەدا دەگوترێتەوە و دەبێتە ئایەتەكانی ژمارە “15 و 19 و 24 و 28 و 34 و 37 و 40 و 45 و 47 و 49” هەرجارەو لە شوێنەكەی تردا كە قورئانەكە دەخوێنیتەوە هەست دەكەیت شوێنی ئەوەیە بگوترێتەوە.
ئاخر ئەمە قورئانە قورئان، خۆ ساتێرنووسین و شیعر و پەخشان و ڕۆمان و داستان و وتار و گوتار و داڕشتن نییە، تا لێی ورد بینەوە زیاتر لەخۆمان تێدەگەین كە چەند لێی بێئاگاین!
لە دوای ئەم پازدە ئایەتە گوتاری قورئانی بۆ ئەو سەردەم و بۆ دوای ئەوان و بۆ ئێمە و دوای ئێمەیش دەپرسێ:
“ئەرێ ئەوانەی پێشترمان بە كۆتا نەهێناوە؟”
دیارە وشەی”هلاك” بۆ بە كۆتاهێنان كە بەكار دێت بە هەر دوو ماناكەیە، واتە لەناوبردن بە تۆڵەوە، یان كۆتاییپێهێنانی ئاسایی، لە زمانی عەرەبیدا “هلاك” بەمانا “هیلاك”ـە كوردییەكە نییە واتە ماندوو، بەڵكو لەناوبردن، لەناوچوون، نەمان، كوشتن، تەفروتوناكردن، مراندن، ماڵوێرانكردن، سەرلێشێواندن و هتد، دێت.
جا ئەم سروشتی خوایە لەگەڵ مەردمگەلدا، تەنها تۆڵەیەكی كاتی نەبووە لە سەردەمێكدا و ئەگەر هاوشێوەی تاوانەكانیان، یان خراپتر ئەگەر ئەنجام درا، تۆڵە نەیەتەوە پێش، نا بەڵكو بەردەوامە و لە ورووژاندنی پرسیارێكی تردا دەفەرمێت:
“باشە بە دوای ئەوانیشدا خەڵكی دیكەمان نەهێناوە و كە تاوانیان كردووە، تۆڵەمان لێ سەندوون؟”
ئەم وشەی “ثم” كە پیتی “عەتف”ـە بۆ گەیاندنی مانای وەپاڵدانەوە و بەدووداهاتنی كتوپڕ نییە و بەرینی و درێژخایەنیی گەیاندنە، واتە ئەوەی لە پێش ئێوەدا بووە دەبێتەوە، جا گەر بەمە تیگەیشتن، وا دەكەونە خۆڕاستكردنەوە و بەخۆداهاتنەوە، دەنا ئەوەیە كە دەفەرمێت:
“وەكچۆن تۆڵەمان لە تاوانبارە كۆنەكان ساند، تۆ ئاگادار بە هەمان شێوەیش ئەنجام دەدەین لەگەڵ تاونكاران”.
ماویەتی…