ڕێژەیی سەوزایی لە هەولێر زیاد دەکرێت

یەکیک لە کارە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخدانی بوو بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لەنێو شار و دەوروبەری شارەکان.

دووشەممە، 3ـی شوباتی2025، کارزان عبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ڕایگەیاند: کارکردن لە پارکی ڕەشکین  بەشێوەیەکی خێرا و بەردەوام بەڕێوەدەچێت، تاکو ئێستا لە سەدا 10ـی کارەکان تەواوبوونە، بە تەواوبوونی دەبێتە یەکێک لە جوانترین پارکەکانی شاری هەولێر.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتیشی: لەناوەڕاستی پارکەکە نافورەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت، ڕووبەری 65 هەزار مەتر چوارگۆشە سەوزایی دەبێت و تەواوی کرێکارەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانن.

پارکی ڕەشکین، بە گوژمەی 15ملیار دینار، لەسەر ڕووبەری نزیکەی 120 هەزار مەتر دووجا بە بودجەی تایبەتی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت.

پارکی ڕەشکین لەم پڕۆژانە پێکدێت:

پەرژينى پڕۆژەكە بە درێژایی هەزار و 600 مەتر.

-دروستكردنى گەراجى ئۆتۆمبێل.

-دروستكردنى دوو كافترياى مۆدێرن.

-دروستكردنى ڕێڕەوی ڕاکردن و پايسكلسواری.

-دروستكردنى دوو ئەمبارى ئاو بە قەبارەی 300 مەتر سێجا.

-لێدانی بيرى ئاو بەقووڵی 500 مەتر.

-كارى سيستمى كارەبا و سيستەمى ڕووناککەرەوەی پڕۆژەکە.

-سەوزایی و چاندنی هەزار دار و چيمەنى هەميشە سەوز و دەیان هەزار گوڵ.