وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی عێراق تایبەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق هەنگاوێکی ئەرێنییە.
دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی عێراق تایبەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق، هەروەها دەست پێ کردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کوتایی دۆسیەی نەوت.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە “ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت، لە چارەکردنی سەرجەم کێشەکان، هەروەها وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كار بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و تێپەڕاندنی تەواوی کێشەکان و ئامادەکردنی ڕێكارە تەكنیكییەكانی بكات.”
ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و بەردەوامن لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵی، کار بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن.
دوێنێ یەکشەممە، 02-02-2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لە بەغدا، گوتی: “لەو یەک دوو ڕۆژەدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.”
هەورامانی باسی لەوەش کرد:”هەماهەنگییەکی زۆر باش لە نێوان هەردوولا هەیە و نییەتی چارەکردنی کێشەکانیش هەیە. گفتوگۆکانی نێوانیشیان بە تەنیا بۆ زامنکردنی مووچەی مانگێک نییە، بەڵکوو بۆ مووچەکانی هەر 12 مانگەکەی ئەم ساڵە.”