هەوڵەکان بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوامە

شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پێکهاتبوو لە راوێژکاران کامەران عبداللە و محمد خدر و بەڕێوەبەرانی گشتی ئەدیب لەتیف و سیروان عزیز و کەریم کاوە رایەتی و هەروەها سەرۆکی سەنتەری کەی جی لۆبی ئاورینگ شاوەیس لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پڕەنسیپەکانی نۆرنبێرگ لەگەڵ سەرۆکی ئەکادیمیای ناوبراو لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە کە لە بارەگای مێژوویی دادگای سەرانی نازی لە نۆرنبێرگ بەڕێوەچوو، پاش چەندین دیدار و کۆبوونەوە دێت کە لە دوو ساڵی پێشوودا وەزارەتەکە بە مەبەستی ناساندنی جینۆسایدی کورد لەگەڵ ئەکادیمیایی ناوبراو، دایمەزراندووە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەت بۆ ناساندنی کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا شاندی وەزارەت دوو داوای ئاراستەی سەرۆکی ئەکادیمیای ناوبراو کرد، کە یەکەمیان بریتی بوو لە هاوکاری کردنی وەزارەتەکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروست کردنی گوشاری یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی کورد لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە، و داواکاری دووەمیان بریتی بوو لە تەرخان کردنی یەکێک لە دیدارەکانی ئەکادیمیا بۆ پرسی جینۆسایدی کورد.
شایانی باسە ئەکادیمیای ناوبراو ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەر بۆ ماوەی سێ رۆژ دیدارێکی نێودەوڵەتی رێکدەخات تایبەت بە پرسەکانی جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتیەکان.
سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر داواکانی، سەرۆکی کەی جی لۆبی سەنتەر پرسی دوبارە روودانەوەی جینۆسایدی دژ بە کورد ورووژاند و رەشنووسێکی بۆ دیداری چاوەڕوانکراوی ئەکادیمیا لەسەر پرسی جینۆسایدی کورد پێشکەش بە سەرۆکی ئەکادیمیا کرد.
سەرۆکی ئەکادیمیای نێودەوڵەتی پڕەنسیپەکانی نۆرنبێرگ پڕۆفیسۆر کریستۆف زافەرلینگ وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی وەزارەت تێگەیشتنێکی باشی لەگەڵ داواکانی شاندەکە پیشاندا و پەیمانیدا کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا کار لەسەر داواکارییەکان دەکات و جەختی لەسەر درێژەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا کردەوە.
لەسەر داوای شاندی وەزارەت و بۆ بەدواداچوون بۆ پرسی جینۆسایدی کورد، شاندەکە بانگهێشتی سەرۆک و ستافی ئەکادیمیایان کرد بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرسی جینۆسایدی کورد، کە لەلای خۆیانەوە رەزامەندی و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەم بانگهێشتە.
شایانی باسە کە ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پڕەنسیپەکانی نۆرنبێرگ یەکێکە لە دەزگا گرنگەکانی بواری یاسای نێودەوڵەتی و جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتیەکاندا، کە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا دامەزرێندراوە و پشتیوانی دەکرێت.