خانمە هونەرمەند شلێر كۆیی: قەت لە كاری هونەری پەشیمان نیم

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی توانا شلێر كۆیی دەڵێت، قەت لە كارە هونەرییەكانی پەشیمان نییە و ئەگەر كاری هونەریی باشیش هەبێت پێی باشە دەربكەوێتەوە.

هونەرمەند شلێر كۆیی ساڵانێكی زۆرە ئەكتەرێكی دیاری كارە هونەرییەكانە و لە دەیان دراما و فیلمدا بەشداریی كردووە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە لە كاری هونەریدا دیار نییە، شلێر كۆیی لەم دیمانەیەی (هەولێر) هۆكاری دووركەوتنەوەی لە هونەر ئاشكرا دەكات.
هەولێر: ماوەیەكی زۆرە لە كاری هونەریدا دیار نیت، هۆكارەكەی چییە؟
شلێر كۆیی: یەكێكیان باری تەندروستییە، چونكە نەشتەرگەریم بۆ كراوە، ئەگەر كاری هونەریی جوانیش هەبێت دەیكەم، بەڵام دەمەوێت ئەو كارە ئیزافە بێت بۆ كارەكانی دیكەم، نەك كارەكانی دیكەشم بسڕێتەوە.
هەولێر: وەك دەزانین لەگەڵ هونەرمەند حەمەعەلی خان هاوسەری یەكدین، پێت باشە پێكەوە لە كاری هونەری دەربكەونەوە؟
شلێر كۆیی: وەك وتم ئەگەر كاری جوان هەبێت بۆ نا، چونكە كاری هونەریی لە خوێنماندایە.
هەولێر: هەردوو كچەكەت رێگەی هونەریان گرتۆتە بەر، یەكێكیان گۆرانیبێژ و ئەوەی دیكەش ئەكتەر، تا چەندێك پشتگیرییان دەكەیت؟
شلێر كۆیی: من خۆم یەكەمجار پێم باش نەبوو بچنە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان، بەڵام ئەوە حەزی خۆیان بوو، ناتوانم رێگە لە حەزەكانیان بگرم، چونكە هونەر كەس ناژێنێت.
هەولێر: ئێستا ئەوانیش لە بواری هونەردا دەركەوتوون، چییان پێ دەڵێیت؟
شلێر كۆیی: هیوادارم سەركەوتوو بن و گەشاوە بن و پارە هەموو شتێك نەبێت لایان.
هەولێر: زۆرجار هونەرمەندان دەردەدڵی لە حاڵی خۆیان دەكەن، لەم كاتەدا چیت بۆ ئەم رستەیە هەیە كە دەڵێت، هونەر چی پێ بەخشیت و چی لێ سەندیتەوە؟
شلێر كۆیی: وەك خۆم قەت لە كاری هونەریم پەشیمان نیم، چونكە هونەر خۆشەویستی خەڵكی پێ بەخشیوم و لەناو خەڵكدا سەربەرزم، بەڵام هیوادارم هەر لە كاتی پرسە و چلەی ماتەمینیدا ئێمەیان بیر نەكەوێتەوە، كاتێك زیندووین شتمان بۆ بكەن.