لە پەیامەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هاتووە: “دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2/2/2025، لە بەشێک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە کە گوایە نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بەناوی (علی رەئوف) لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر کراوە بەهۆی ئەوەی ویستویانە خۆپیشاندان بکەن، بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی باڵای دەستە بەسەرۆکایەتی دکتۆرە مونا یاقۆ ڕاستەوخۆ سەردانی ئاسایشی هەولێریان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر کۆبوونەوە.”
ئەوەش خراوەتە روو: “دوای بەدواداچوونی هەواڵەکە بەڕێوەبەری ئاسایش ڕەتی کردەوە کە هیچ کەسێک دەستگیر کرابێت بەو ناوە لەسەر بابەتی خۆپیشاندان و تەنانەت ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندیان لەگەڵ ئەو نوێنەرە و مامۆستایان هەیە و هیچ شتێکی وا ڕووی نەداوە.”
روونیش کراوەتەوە: “دواتر تیمی دەستە لەگەڵ نوێنەری مامۆستایان قسەیان کرد و کۆبوونەوە دەربارەی هەواڵەکە پرسیاریان لێکردن ئەوانیش ڕەتیان کردەوە کە دەستگیرکرابن و ئاماژەیان بەوە کردووە کە هیچ ڕێگریەک نەبووە و مامەڵەی گونجاویان لەگەڵ کراوە.”
ئەوەش خراوەتە روو: “دەستەی مافی مرۆڤ خۆشحاڵە کە بەدواداچوون بۆ ڕاستی ڕووداوەکان دەکات و بەهیچ جۆرێک سڵ ناکاتەوە بۆ داکۆکیکردن لەمافی هاووڵاتیان بە گشتی لە هەر کوێ بن و لە کوێ پێویست بێ.”
جەختیش کراوەتەوە: “گرنگە دەزگا میدیاییەکان وردتر بن لەگواستنەوەی هەواڵ و بەدواداچوون و پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و گواستنەوەی هەواڵ بکەن.