ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.2.2، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە نێردەى وڵاتان و ڕۆژنامە نووس و ڕاگەیندنکاران، ڕێکخراوى پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بە هەماهەنگى پەیمانگای مافە نێودەوڵەتییەکان، لە ڕێورەسمێکدا ڕاپۆرتى ساڵانەى خۆى لەبارەى پێشێلکارى بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیاند.
لەڕێورەسمەکەدا پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە ڕێکخراوى ناوبراو بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتى ساڵانەیان، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و ئاماژەى بەوەدا کە فەرهامکردنى ئازاداى ڕادەربڕین و ئازادى ڕۆژنامەوانى یەکێکە لە ئامانجەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمەش وایکردووە چەندین کەناڵى گەورە و دەزگاى میدیا زۆر لە کوردستان دورستبێت و بوارى ڕۆژنامەگەرى بە گشتیى لە هەرێمى کوردستاندا پێ بنێتە قۆناخێكی پێشکەوتوو.
پارێزگارى هەولێر هەروەها تیشکى خستەسەر ئەوەى کە کارى ڕۆژنامەوانى تەنها پیشەنییە، بەڵکو کارێکە وابەستەیە بە هەموو کۆمەڵگا و دەسەڵات و بەرپرسیاریەتییەکى کۆمەڵایەتییە بۆیە دەبێت ڕۆژنامەنووسى ڕاستەقینە بە پابەندبوون بە یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان و ئیتیكی کارى ڕۆژنامەوانى بەرپرسانە مامەڵە بکات و پەیامەکانیان لە خزمەتی کۆمەڵایەتى بگەێنن.