شەڕی گومرگیی نێوان ئەمەریکا و کەنەدا و چین دەستی پێ کرد

دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ زیاد کردنی باج بەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی مەکسیک و کەنەدا و چین، ئەو سێ وڵاتە هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر ئەمەریکا ڕاگەیاند کە ئەوانیش باجی زیاتر بەسەر بەرهەمەکانی ئەمەریکا دەسەپێنن.

جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، دوای کاتژمێرێک لە بڕیاری زیادکردنی %25 باج بەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی کەنەدا و %10 بەسەر وزەی ئەو وڵاتە لەلایەن ترەمپەوە،  بڕیاری دا کەنەدا %25 باج بەسەر ڕسومات و بەرهەمە هاوەردەکانی ئەمەریکا زیاد بکات.

سەرۆک وەزیری کەنەدا ئاماژەشی دا “بۆ ماوەی مانگێک 107 ملیار دۆلار باج بەسەر کەلوپەلەکانی ئەمەریکا زیاد دەکات، کە ئەم سێشەممەی نزیکەی 20 ملیار دۆلار زیاد دەکەن و ئەو پارەی ماوە لە ماوەی 21 ڕۆژی داهاتوو زیاد دەکات.”

گوتیشی: باجەکانیش بەرهەمە کحوولیەکان و میوەی ئەمەریکا دەگرێتەوە.

هەروەها چین ناڕەزایی توندی خۆی بەرانبەر بە زیادکردنی%10باجەکانی ئەمەریکا لەسەر ڕسوماتی کەلوپەلی چین دەربڕی.

لەو بارەیەوە وەزارەتی بازرگانی چین ڕایگەیاند “لەسەر ئەو بڕیارەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی سکاڵا تۆمار دەکەین.”

ئاماژەی بەوەش کرد “لایەنی چینی داوا لە ئەمەریکا دەکات، کردەوە هەڵەکانی خۆی ڕاست بکاتەوە و لەسەر بنەماکانی یەکسانی و قازانجی یەکتر و ڕێزگرتنی یەکتر مامەڵە لەگەڵ کێشەکان بکات و گفتوگۆی ڕاشکاوانە بکات.”

لای خۆشیەوە کلۆدیا شەینبام، سەرۆکی مەکسیک گوتی: وەکوو وەڵامدانەوەی بۆ سەپاندی %25 باجەکانی ئەمەریکا بۆسەر بەرهەمەکانی مەکسیک، ئەوە ئێمەش باجی زیاتر بەسەر ئەمەریکا دەسەپێنێن.

هەروەها ڕیگەیاند، وەزیری گەنجینەی وڵاتەکەی ڕاسپاردووە کە پلانی B کارا بکەن، ئەویش پێک هاتووە لە هەڵسەنگاندی باجەکان بۆ پاراستنی ئابووریی وڵات.