یادەوەری تاڵی ١ی شوبات لەمساڵدا ئاوێتەی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

کارەساتی یەکی شوبات هەرچەندە کارەساتێکی زۆر دڵتەزێن بوو و برینەکانی ئەو کارساتە ڕەنگە هەرگیز ساڕێژ نەبنەوە، بەڵام سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە لای دوژمنان هیچ جیاوازییەک لە نێوان پارتی و یەکێتی و هەر هێزێکی دیکەی کوردستان نییە و دوژمنانی کۆن و نوێ سوێندیان خواردووە کوردستان بە هەموو تایبەتمەندی و پێکهاتەکانیەوە لەناو ببەن، ڕاستییەک کە بەداخەوە هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە قووڵی درکیان پێ نەکردووە، ئەگەرنا دەبووایە لە هەموو پێشهات و قۆناغەکاندا لە بەرانبەر دەرەوەدا یەکدەست و یەکدەنگ و تۆکمە بن بۆ ئەوەی کەس زەفەریان پێ نەبات و کارەساتەکان دووبارە نەبنەوە.

دوێنێ شەممە یەکی شوبات بیست و یەک ساڵ بەسەر هێرشی تیرۆریستی و تەقینەوەکانی سەر لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێری پایتەخت تێپەڕی، کە بەهۆیانەوە سەد و سێ سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهید بوون و دووسەد و چل و شەش کەسیش بریندار بوون. هێرشەکە لە یەکەمین ڕۆژی جەژنی قوربان ڕوویدا و هەر یەک لە لقی دووی پارتی و مەڵبەندی سێی یەکێتی تایبەت کرابوون بە پێشوازی لە میوانان بە مەبەستی پیرۆزبایی جێژنی قوربان.
رووداوەکە لە کاتێکدا بوو کە کەمتر لە ساڵێک بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا تێپەڕیبوو و دوای ماوەیەکی زۆر لە ململانێ و دوو ئیدارەیی و ناکۆکییە ناوخۆییەکان، هەر دوو هێزی سەرەکیی کوردستان لە پایتەخت دەستیان خستبووە ناو دەستی یەکتر و قۆڵی هیممەتیان هەڵماڵیبوو و بە یەک دەنگ لەگەڵ بەغدا کەتبوونە دانوستانەوە کە دواتر کۆمەڵێک دەستکەوتیان بەدی هێنا.
پارتی و یەكێتی پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراق لاپەرەیەكی نوێیان لە ڕێكخستنی پێوەندییەكانیان و ھەروەھا چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ھەرێم و مامەڵە لەگەڵ عێراقی نوێ ھەڵدابوویەوە، ھەر وەك بەرپرسانی ھەردوو لا لە چەندین بۆنەی تایبەت بە بیرھێنانەوەی ئەم ڕووداوە ڕایانگەیاند لە سەروبەندی ڕیكخستنی ناو ماڵی كورد، ئامانجی ئەم ھێرشە تێكدانی یەكێتی ناو ماڵی كورد بوو‌.
دوێنێکەیش سەرۆکوەزرانی هەرێمی کوردستان ئەو راستییەی بیر هێنایەوە و گوتی ”کارەساتی یەکی شوبات، هێرشێک بوو بۆ سەر هەموو کوردستان، ئەمڕۆ، ڕێز لە شەهیدانی ئەو کارەساتە دەگرین و گرنگیی یەکڕیزیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەهامەتی و ستەمدا دووپات دەکەینەوە.”
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەو دیموکراسی و پێشکەوتن هەنگاوی نا و ڕۆڵی باڵای هەبوو لە سەقامگیری سیاسیی و ئارامی نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکوو لە هەموو عێراق، بۆیەش لە لایەن تیرۆریستانەوە کرایە ئامانج و تیرۆریستان کە چاویان بەو هەنگاوانە هەڵنەدەهات، دەیانویست بەم هێرشە تیرۆریستییانە هەوڵەکان لەبار بەرن و کوردستان بکەن بە بنکەی هێرشە قێزەونەکانی خۆیان.
ئەو هەوڵەی دوژمنانی کورد لە ساڵانی دواتردا بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە زیاتر بەدیار کەوتن، بۆ نموونە بەغدا بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی بە تەواوی بڕی و بەربەستێکی گەورەی خستە بەردەم گەشەی هەرێمی کوردستان کە لە گۆڤارە بەناوبانگەکانی جیهان بە پێشکەوتنێکی ناوازە دادەنرا.
هێندەی نەخایاند داعش سەری هەڵدا و بووە هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی چەندین ساڵ پێشمەرگە شەڕی داعشی کرد و هەر لەسەر دەستی پێشمەرگە شکستی خوارد.
لە هەموو ئەو قۆناغانەی لایەنەکانی کوردستان یەکدەست و یەکدەنگ خەباتیان کردووە دەستکەوتی گەورەی وەک ئاوەدانکردنەوە، خۆشگوزەرانی و شکستی داعشیان بەدی هێناوە و لە دۆخی ترازان و دووبەرەکیشدا کارەساتی وەک شازدەی ئۆکتۆبەر و نەناردنی شایستە داراییەکانی کوردستان و کارەساتی تاڵی تریان بەدی هێناوە.
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەم پارچەیەی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک دوژمنی نوێ و کۆن بەرەوڕووە و هەر کامێکیان بە شێوەیەک هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی کورد دەدەن و بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاڵنگارییەکانی بەردەم بزووتنەوەکە، ئەو پێویستییە هەنووکەییە هاتووەتە کایەوە کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە سەرووی هەموویان پارتی و یەکێتی بەو ئەزموونە تال و شیرینەی لە ڕابردوودا هەیانبووە، لە ناوخۆ لەسەر بنەمای دیموکراسی مامەڵە لەگەڵ ناکۆکی و جیاوازی بۆچوون و ڕای جیاوازیان لە ناوخۆ بکەن، بەڵام لە بەرانبەر دەرەوەدا یەکدەنگ و یەکگرتوو بن.