بە بەشداری نوێنەری حکوومەتی هەرێم ڕاسپاردەکانی عێراق بۆ پانۆرامای خولی گشگیر پەسەند کران

بە بەشداری دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکوومەتی هەرێم و خالی شوانی وەزیری دادی حکوومەتی ئیتحادی و باڵیۆز عەبدولکەریم هاشم نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە جنێڤ و نوێنەرانی دام و دەزگاکانی حکوومەتی ئیتحادی و حکوومەتی هەرێم ئەو ڕاسپاردانەی ئاڕاستەی شاندی کۆماری عێراق کراون پەسەند کران، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو پێداچوونەوە بە ژمارەیەک ڕاسپاردە کرا.

دوای ئەوەی لە ڕۆژی 27ی کانونی دووەم نوێنەرانی وڵاتان ڕاسپاردە و سەرنجەکانی خۆیان پێشکەش بە شاندی حکومەتی ئیتحادی و هەرێم کرد، لە چەند ڕۆژی رابردوودا بە بەشداری حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەکانی لیژنەی ترۆیکا و پسپۆڕانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بوون بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانەوە ئاڕاستەی کۆماری عێراق کراون و دووبارە داڕشتنەوە و یەکخستنیان.
لە خولی (48)ەمینی پانۆرامای خولی گشتگیر (263) ڕاسپاردە لە بوارە جیاجیاکان ئاراستەی کۆماری عێراق کراون کە پێویستە لە ماوەی داهاتوودا هەڵوێستی خۆی بە قبوڵ کردن و رەت کردنەوەیان بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی لە خولی (49)ی پانۆرامای خولی گشتگیر کار بۆ جێبەجێکردنیان بکرێت.