یەکی شوبات چیمان لێ دەخوازێت

وەیسی سەعید وەیسی
یەکی شوباتی ٢٠٠٤ ڕووداوێکی خوێناوییە و برینێكی دیكه‌یە له‌ جـه‌ستـه‌ی نیشتمـان، لەبیرکردنی ئەم ڕووداوە خوێناوییە بۆ هەمووان کارێکی ئاسان نییە و هەمیشە وەک ڕەمزی غەدرێکی گەورە لەبیرو یادەوەریماندا دەمێنێتەوە .
گرنگتر لەمە سوود و وانە وەرگرتنە لێی، چونکە لەم بەروارەدا تیرۆریستان پێیان گوتین ھیچ جیاوازێک لەنێوان (پارتی ویەکێتی )ناکەن بۆیەش لە یەک کاتدا ھێرشی ھەردوو بارەگایان کرد،بۆیە گرنگە لەقۆناغێکی وەک ئێستادا لایەنە سیاسییەکانی کوردستان سوود و وانە لەم ڕووداوە وەربگرن، بیکەنە ھاندەری زیاتر بۆ یەکریزی وچارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و پەلە بکرێت لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتییان، چونکە وا زیاتر لە شەست رۆژ تێ دەپەرێت بەسەر یەکەمین دانیشتنی پەلەمانی کوردستان لەخولی شەشەم کەچی نەتواندراوە بگەنە رێککەوتن و چارەسەرکردنی گرفتەکان،بوونی بیروڕای جیاواز لەناو لایەنە سیاسییەکان بابەتێکی سرووشتیە، بەڵام پێویستە هەمووان لەسەرپاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی ئالنگاریەکان کۆک بن کە بەرھەمی رەنج وخەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستانە بەدرێژایی مێژوو تابە ئەمرۆ دەگات. دوژمنان کاردەکەن بۆ لاوازکردنی کوردستان، کە ھەر جارە و پیلانێک دادەڕێژن، کە دواجاریش بۆ چەندین ساڵ دەچێت یاریی سیاسی بە بودجە و مووچەی خەلکی کوردستان دەکەن، ھەرچەندە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خودی جەنابی کاک مسرور بارزانی بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبووینە و بە هەموو ڕێگەیەکیش، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەک نەبوون کە دەیانویست مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن، بەڵام بە یەکریزی و لێکنزیکبوونەوەی زیاتری لایەنەکان دەتواندرێت زیاتر بەسەرکێشە و بەربەستەکان سەربکەون وھەمیش کوردستانیان زیاتر ھەست بە ئاسوودەیی دەکەن، لە ڕابردوودا گەلەکەمان قۆناغی سەختتر و ھەوراز و نشێوی دیکەی تێپەڕاندووە و چەندین لوغم و مین و پیلانی دیکەی پووچەڵ کردۆتەوە بۆیە بەدڵنیایەوە ئەم جارەش لایەنەکان بەیەکەوە دەتوانن بەرگریکارێکی سەرسەخت بن بۆ بەرگری مەردانە لەمافەکانی خەڵکی کوردستان.

دروود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان …
نەفرەت لە تیرۆر و تیرۆریستان….