ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
لە بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا دیاردەیەك پەیدا بووە کە نامۆیە بە كۆمەڵگەی كوردەواری و بنەماكانی ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلام و یاسای ڕێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی و لانەواز.
لە كوردستاندا یاسایەكی تایبەت بەو بابەتە دەرکراوە؛ یاسای ژمارە چواردەی ساڵی ٢٠٢٢، کە دەپڕژێتە سەر باسی ڕێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێلانەكان؛ ئەو یاسایە ٢٤ مادەیە و، رێکەوتی ٥/٢/٢٠٢٣ بە واژۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە وەقایعی كوردستاندا بڵاو بووەتەوە.
وەك لە كۆتاییەکەی یاساكەدا ئاماژەی پێ كراوە، هۆیەكانی دەرچوواندن لە پێناو پاراستنی ئاژەڵان و ڕێكخستنی شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا و، بۆ ڕێكخستنی ئەو بوارانەی لە یاسا بەركارەكانی هەرێمدا ڕێك نەخراون و، بۆ چەسپاندنی كولتووری ئاژەڵدۆستی، ئەم یاسایە دەرچوێندرا. ماددەی حەفتەمی یاساكە بە چەند خاڵێك باس لە ئازاردانی ئاژەڵ و باڵندەكان دەكات كە ئێمە ئەم چەند دانەیەمان مەبەست بوو دیاریمان كردووە؛ ئەم كردارانە دەرهەق بە ئاژەڵە ماڵی و بێلانەكان قەدەغەیە:
• ئەنجامدانی هەر ڕەفتارێكی بە ئەنقەست كە ببێتە هۆی ئەشكەنجەدانی ئاژەڵ یان زیانگەیاندن پێی؛
• سازدانی شەڕ لە نێوان ئاژەڵێك و ئاژەڵێكی دیكە یان پەلەوەر و پەلەوەرێكی دیكە، بە شێوەیەك ببێتە مایەی زیانپێگەیاندن یان كوشتنی یەكێكیان.
• بڵاوكردنەوەی وێنە و گرتەڤیدیۆی تایبەت بە كردارەكانی هاتوو لەم بڕگەیەدا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
• هەرکەسێک ئەو کارانە بکات، بە پێبژاردنێك سزا دەدرێت كە لە (٢٥٠،٠٠٠) دووسەدوپەنجاهەزار دینار كەمتر نەبێت و لە (١،٠٠٠،٠٠٠) یەك ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
• لە ماددەی ١٧ـی یاساکەدا مافی سكاڵا تۆماركردنی داوە بە چەند لایەنێكی تایبەتمەند كە دەتوانن سكاڵا لەسەر ئەو كەس و دەزگا ڕاگەیاندنانە تۆمار بكەن كە ئەو سەرپێچییانە دەکەن.
مەعرووف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە توێژینەوەیەكدا ئاماژە بەوە دەدات كە كۆمەڵە و ڕێكخراوە تایبەتمەندەكانی پاراستنی ئاژەڵان و چالاكوانانی بواری ئاژەڵدۆستی و ژینگەپارێزی دەتوانن دەربارەی هەر سەرپێچییەك لە حوكمەكانی ئەم یاسایە، سكاڵا تۆمار بكەن. بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، لە ئێستا بە دواوە، وەكو ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە ڕێگەی پارێزەر و بەشی یاسامانەوە، هەر كەس و دەزگایەكی ڕاگەیاندن، بەو كارانە هەستن و ئەو دیاردە نەشیاوە بڵاو بكەنەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەین، با سزا بدرێن. داواش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەكەین، سكاڵا لەسەر ئەو كەس و كەناڵ و دەزگا ڕاگەیاندنانە تۆمار بكەن كە بەم كارە هەڵدەستن، كە بە داخەوە لە ئێستا و لە ڕابردووشدا بە ئاشكرا بەشەڕدانی ئاژەڵ و باڵندەكان لە بەشێك لە شار و شارۆچكەكان گۆڕەپانی تایبەتیان هەیە و بانگەشەی بۆ دەكرێ و دواتر نمایش دەكرێ لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، پێویسته ئەو شوێنانە دابخرێن و ڕێگەیان پێ نەدرێت.