سلێمان تاشان – ههولێر
کێشە و ناکۆکییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق درێژەیان هەیە و لە جیاتی ئەوەی کەم ببنەوە هەست بە زیادبوونیان دەکرێت، بڵاوکراوەیەکی جیهانی پەنجە لەسەر هۆکاری سەرەکیی چارەسەر نەبوونی قەیرانەکان دادەنێت و دەڵێت ئامانجی سەرەکیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە قووڵترکردنەوەی قەیرانەکان لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
ماڵپەڕی ئۆیل پرایس کە زیاتر لە بواری نەوت و وزەدا ڕاپۆرت و بەدواداچوونەکانی بڵاو دەکاتەوە ئەم جارە تیشکی خستووەتە سەر ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی نەوت و گاز و گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان و وێڕای بیرخستنەوەی کێشەکانی ڕابردوو و ئەو ڕێککەوتنانەی لە بواری نەوت و گازدا کراون پەنجەی لەسەر هۆکاری هەرە سەرەکیی یەکلانەبوونەوەی ناکۆکییەکە داناوە.
لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی ویستی سەرەکیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ئەوەیە لە بنەماکانی فیدراڵی دوور بکەوێتەوە و تەواوی وڵات سەروەت و سامانی وڵات بە نەوت و گازەوە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و کۆنترۆڵی بکات و لە هەمان کاتدا ئامانجی ئەوەیە کۆتایی بە قەوارەی فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستان بهێنێت و لە بواری نەوت و گازدا خۆی کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی فرۆشتن و داهاتەکەیشی بکات.
یەکێک لەو ڕووداوانەی کە دیدی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستانی بە تەواوی گۆڕیوە و بەردەوام لە هەوڵی زەڕبەلێداندا بووە ئەو ڕیفراندۆمە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو و بەغدا پێی وایە دەبێت هەرێمی کوردستان ئەوەندە بچووک و بێ دەسەڵات بکرێتەوە کە هەرگیز لە بیری سەربەخۆییدا نەبێت و بە کێشەی مووچە و قەیرانی جیاوازی ئابووری و سیاسی خەریکی بکات.
جگە لەمە هۆشداری داوە لە بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی دابینکردنی بودجە و پێی وایە ئەمە ئاسۆی کەرتی نەوتی کوردستانی ناڕوون کردوە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی تۆکمە و درێژخایەن لە نێوان بەغدا و هەولێر خەریکە دەبێتە شتێکی ئاستەم.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ کە هەرێمی کوردستان بەرانبەر ویستەکانی بەغدا سازشێکی زۆری کردووە و زۆربەی داواکارییەکانی بەغدای جێبەجێ کردووە بەڵام بەغدا جار بە جار بیانووەکانی زیاتر دەکات و سەرەڕای ئەوەی کە هەر دوو خوێندنەوە بۆ یاسای هەموارکراوی بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کرا و دەبوایە لە پەرلەمان تێپەرێنرێت بەڵام لەمپەری خرایە بەردەم و حکوومەتی فیدراڵی بە خستنەڕووی داواکاریی نوێی تر ڕۆڵی نەرێنی دەگێڕێت.
سەرچاوەکە باسی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە کە لە ٢٥ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٣ەوە دوای دەرچوونی حوکمی دادگای نێودەوڵەتیی ICCی فڕەنسی وەستاوە و سزای ملیارێک و پێنجسەد ملیۆن دۆلار بەسەر تورکیادا سەپاوە کە بەگوتەی دادگاکە بە شێوەیەکی نایاسایی نەوتی کوردستانی فرۆشتووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە واشنتن داوای لە هەولێر و بەغدا کردووە هەرچی زووە بە ڕێککەوتن بگەن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە و لەگەڵ ئەم داواکارییە داوای لە حزبەکانی هەرێمی کوردستان کردووە هەرچی زووە حکوومەتی نوێ دابمەزرێنن و چیتر دوای نەخەن.
لە ناوخۆی عێراق هەندێک لایەنی شیعە تەنانەت بەو داواکارییانەی ئەمەریکا دڵتەنگن و پێیان وایە ئەوەی ئەمەریکا دەیکات دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و حەز دەکەن کێشە و قەیرانەکانی کوردستان بەردەوامییان هەبێت بۆ ئەوەی خەونەکەیان بهێننە دی و کۆتایی بە ئەزموونەکەی بهێنن.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە هەر یەک لە ڕووسیا چین و ئێران پشتگیرییەکی سەرسەختانە لەو سیاسەتەی عێراق دەکەن و پێیان باشە هەموو شتێک لە ژێر کۆنترۆڵی بەغدادا بێت بەڵام بەپێچەوانە ئەمەریکییەکان دەخوازن قەوارەی هەرێمی کوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی بەغدا ئەوەیە هەرێمی کوردستان دەستی بە هیچ داهاتێکی نەوت نەگات کە بە سەرەکیترین داهاتی کوردستان دادنرێت و بۆیەش هەر جارە و بە بیانوویەکی جیاواز پەسندکردنی یاسای بودجە دوا دەخرێت و داخوازی نوێ بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەسەپێنرێن.
لە لایەکی ترەوە سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دابینکردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەغدا دەستی دەستی پێ کردووە و مانگانە بە بیانووی جیاواز مووچە دوا دەخات و سیاسەتی قووڵکردنەوەی قەیران لە هەرێمی کوردستانی بە پشتبەستن بە برسیکردنی خەڵکی گرتووەتە بەر.
ئەوەی سەنگی هەرێمی کوردستان لەو ململانێ و ناکۆکییانە بەهێز دەکات یەکدەنگیی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە کە بە ئاگا بێنەوە لەوەی هەمووان لە نێو کەشتییەکدان و نوقمبوونی کەشتییەکە هەمووان نوقم دەکات. هەمان خاڵ کە دوێنێ فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ میدیاکان پێداگری لەسەر کرد و گوتی ئەگەر هێزە سیاسییەکانی کوردستان یەکڕیز نەبن بە هیچ ناگەن.