سلێمان تاشان – ههولێر
گفتوگۆی نێوان پارتە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و جارێکی تر شاندی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر کۆ بوونەوە. چاوەکان زیاتر لە سەر ئەو دوو پارتە سەرەکییەن تا ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوبەش و تۆکمەدا بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان، کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن.
بەهۆی ئەوەی کە هیچ لایەنێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە زۆرینەی ڕەهای کورسییەکانی پەرلەمان بباتەوە دامەزراندنی کابینەی دەیەم هاوشێوەی زۆرێک لە کابینەکانی تری کوردستان کابینەیەکی هاوپەیمانی دەبێت. بەپێی یاسا پەنجا و یەک کورسیی پەرلەمان بۆی هەیە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دیاری بکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە سی و نۆ کورسی بەدەست هێناوە ئەو مافەی هەبووە دەستپێشخەری بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکات و لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ بکات و حکوومەتی داهاتوو دابمەزرێنێت. لە ماوەی ئەو سێ مانگ و هەفتەیەی کە بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کوردستان تێدەپەڕێت پارتی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەی هەبووە و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕای کردووە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دووەم براوەی هەڵبژاردنە و بیست و سێ کورسی بەدەست هێناوە پێشوازی لە دانوستانەکان لەگەڵ پارتی کردووە و چاوەڕوان دەکرێ هاوشێوەی کابینەکانی پێشتری حکوومەت ئەو دوو حزبە لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ دامەزراندنی کابینە ڕێکبکەون.
لە چوار کۆبوونەوەی پێشتردا یەکێتی و پارتی لەسەر کۆمەڵێک خاڵی گرنگ بە لێکتێگەیشتن گەیشتوون و لەو کۆبوونەوانەدا دەخوازن بە بەرنامەیەکی هاوبەش بەشداری لە کابینەی نوێ بکەن و ئەرک و دەسەڵاتەکانیان لە حکوومەت دەستنیشان بکەن و بە شێوەیەک کار بکەن کە کێشەکانی ڕابردوو بە تایبەتی ئەو کێشانەی لە کابینەی نۆ هاتنە کایەوە لەم کابینەیەدا دووبارە نەبنەوە.
لە کابینەی نۆدا پارتی و یەکێتی زۆرترین ناکۆکییان لەگەڵ یەکتردا هەبوو، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لە لایەک لە حکوومەتدا بەشدارە و لە لایەکی دیکە وەک ئۆپۆزسیۆن دەجووڵێتەوە و بەربەست بۆ هەنگاوەکانی حکوومەت دروست دەکات، بۆیەش پێی وایە ئەو شێوازە کارکردنە نابێت لە حکوومەتی داهاتوودا ڕەنگ بداتەوە و لە بەرانبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پارتی بەوە تۆمەتبار کردووە وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینەی حکوومەت سەیری نەکردووە.
سەرەڕای ئەو ناکۆکییانەی لە ڕابردوودا هەبوون هەر دوو لایەن بەو قەناعەتە گەیشتوون کە دۆخەکە هەستیارە و بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان ئەو بەرپرسیارێتییەیان هەیە لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێکی هاوبەشی سیاسی و ئیداری لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان قۆڵی هیممەت بۆ دامەزراندنی کابینەی نوێ هەڵماڵن.
فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ میدیاکان گوتبووی لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان گەشبینە و ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە گۆیا کابینەی نوێ تا دوای هەڵبژاردنی عێراق دوا دەخرێ و تەنانەت ئاماژەی دا کەشێکی زۆر ئەرێنی و باش لە نێوان یەکێتی و پارتی لە ئارادایە و هەر دوو لا سوورن لەسەر ئەوەی هەر چی زووە کابینەی دە دامەزرێنرێت. ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەمان زانیاری پشتڕاست کردەوە و گوتی بەمزووانە خەڵک گوێبیسی هەواڵی خۆش دەبن.
جێی باسە ژمارەیەک لەو حزبانەی کە لە پەرلەمان کورسییان مسۆگەر کردووە هەر زوو بەشداریکردن لە حکوومەتیان ڕەت کردووەتەوە و بڕیاریان داوە وەک ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان چالاکییان هەبێت.
هەر چەندە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترینیان کۆ بوونەتەوە و سوێندی یاساییان خواردووە بەڵام تا لایەنە سیاسییەکان ڕێککەوتن نەکەن ئاستەمە پەرلەمان بتوانێت بە ڕێگەی دەنگدانی نهێنی سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان دەستنیشان بکات.
خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان. بۆ ئەوەی بە هەناسەیەکی نوێ بتوانێت لە لایەک کێشەکانی لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە و لە لایەکی تر هەنگاوی جددی بۆ کۆتاییهێنان بە بەشێک لەو کێشانە بنێت کە بەربینگی بە خەڵکی کوردستان گرتووە و پەرلەمانیش بە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی هەڵبستێت کە دانانی یاسا و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە. هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کە بە بایەخەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن و ستایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە حەزیان کردووە هەرچی زووە حکوومەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێت.