فازڵ میرانی
هەر کاتێک یادی ژیانئاواییت دێتەوە، هەر وەختێ ئەو دیمەنە پڕ ئازار و ناخۆشانەی ئەوسا دەگەڕێنەوە، تەنها باوەڕبوون بە خودا و گەل و وەفای پارتیمان، باری ئەو ئازارەمان سووک دەکەن.
ئاخر نەماندەتوانی و ناشتوانین جگە لە ڕەزامەندبوون بە قەدەری خودا هیچ شتێک دەربارەی کۆچەکەت بڵێین، کە باوەڕمان وایە لای خودا لە ڕیزی بەندەکانی و بەهەشتەکەی دایت.
کاکە ئیدریس، ماندووبوونەکانت بەفیڕۆ نەچوون. هەموو هەوڵێک کە لە کارەکانت لە ناو حیزبدا لە ژیانی باوکت مستەفا بارزانی و دوای کۆچی دواییشی دات، هەموو ئاستەنگێک کە بۆ گەلەکەت لە ناوخۆ و هەرێمی و لەنێو هاوکێشە ئاڵۆزەکاندا چارەسەرت کرد، هەموو قوربانییەک، کە لە دڵتەوە پێشکەشت کرد هەتا لە لێدانی وەستا، هەمووی ئەمانە بزووتنەوەکەمانی بەهێز کرد بۆ گەیشتن بە خەونەکەت بەرەو پێشی برد، بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەرز.
سێ دەیە و چەند ساڵێک بەسەر کۆچتدا تێپەڕیوە، هێشتا شوێنەوارەکانت ڕووحت تێدا نیشتەجێیە و بیرکردنەوە تایبەتەکەت و خۆبەختکردنت بۆ ئەوانی تر و جانفیدایت ، وەفاداریت بۆ بەڵێنەکانت بۆ باوکت و براکەت و گەلەکەت لە جۆش و خرۆش دایە.
پیاو و ژنگەل هێشتا سەردان و سۆراغی تۆیان لە کاتی شەڕ و پەنابەریدا لەبیرە، وێنەی زەردەخەنەکەت لە کاتی لابردنی گرفتەکانی خەڵکی تر، هێشتا لە بیرەوەریەکاندا ماوتەوە.
وشە ڕاستگۆکانت هێشتا کاریگەرییان خامۆش نەبووە و لە جێگیرکردن و قەناعەتپێکردنی زۆر کەس بۆ بەردەوامبوون لە خۆڕاگری بەرامبەر بە ڕەشەبای سیاسەتی بەرژەوەندییەکان کە گەلەکەمانی هەژاند، بەردەوامە.
دوانگەکان یادی وتەکانت دەکەنەوە، کە هەر وشەیەک لە شوێنی خۆی و مەبەستی خۆیدا بوو. بڕیاربەدەستان تەنانەت ئەوانەی دژیشت بوون، یادت دەکەنەوە کە هەمیشە بەڵگەبەدەست و ڕاستگۆ و ئازا بوویت… بێگومان مێژوو شوێن و لاپەڕەی زیاتر تەرخان دەکات بۆ تۆمارکردنی ڕێبازەکەت، کە لە منداڵییەوە دەستی پێ کردووە، تێکەڵ بە هۆشیارییەکی پێش وەختە بووبوو لە دەستکەوتە گەورەکان لە سەرەتای گەنجێتیدا هەتا کۆچی دواییە بەئازارەکەت، کە ناخۆشییەکانمانی زیاتر کرد. لە کاتێکدا گۆڕەپانەکانی کار بەرگەی نەبوونی تۆیان قبووڵ نەدەکرد…
ئازیزی کۆچکردوومان کاکە ئیدریس:
سڵاو بۆ گیانە پاکەکەت کە بەخشندە بوو و قەت بەخیلی نەکرد، لەناو گەل و خاکەکەتدا توایەوە و تێکەڵ بە سەنگەر و پێنووس و دروستکردنی سبەینێ بوو…
سڵاو بۆ یادەوەریت، وەک ئەوەی هێشتا لەناومان بیت و خۆرت ئاوا نەبووبێت.
ئەوانەی باوەڕیان بەوە هێنا کە تۆ باوەڕت پێی هەبوو ئەوا پەیمانەکەیان لەگەڵ باوکت و تۆ نەگۆڕیوە و هێشتا هەنگاو بە هەنگاو لەسەر ئەو ڕێگایە دەڕۆین کە ئێوە پێشەنگی دەکەن، ئەوانەی دژی باوەڕەکەت وەستانەوە و بە چاوی خراپی ڕابڕدوو هەوڵی دروستکردنی ئێستا و داهاتوویان دا، هێشتا کار و نەزانینیان بەردەوامە، بەڵام ئێمە هێشتا بە پاکی و ڕوونی قسەکانی تۆ و باوکت و کردەوەکانتان خۆمان پەروەردە دەکەین، تاکوو بیانکەینە بەربەستێکی بەهێز لەبەردەم پڕۆژەکانی وێرانکاریدا، کە دەیانەوێت زیان بە نەتەوەکەمان بگەیەنن…
سڵاوت لێ بێت ئەی خۆشەویستی هەمووان ، سڵاو بۆ گیانە ئارامەکەت، ئەی شەهیدی کوردستان و مرۆڤایەتی.
و. هۆنیار عەبدوڵڵا