بەكر كەریم حەسەن
(ناپلیۆن بۆناپەرت ) ئیمپراتۆر و سەركردەی فەرەنسی دەڵێ “سەركردەی ڕاستەقینە لە كاتی تەنگانە بە دەردەكەوێت”.
مرۆڤ لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیدا هەر چەندە ئازا و زانا و زیرەك و بەتوانا و دەوڵەمەند و پڕ زانیاری بێت، نابێت لە خۆبایی بێت و بەخۆی بنازێ و خۆ لە یاد بكات و خۆی پێ گەورە بێت و بە چاوی بێ بایەخەوە سەیری خەڵكانی تر بكات، وابزانی ئەوانی تر كەسیان هاوشانی ئەو نین و لە ئاستی ئەودا نین، بەڵكوو لە پێگە و ئاست و پایەیان كەم دەکاتەوە، چوونكە لە خۆبایی بوون و خۆ بە گەورە زانین دوو سیفاتی ناشیرین و قێزەون و نەرێنین و وا هەست دەكات ئەو لە هەمووان باشترە و یانیش خەڵكانی تر وا دەبینێت لە ئەو كەمترن و بێ تواناترن. بێگومان ئەو جۆرە كەسانەی ئەو سیفاتانەیان هەیە هەمیشە كەسانی خۆشەویست و پەسند نین لە كۆمەڵگە و بەڵكوو خۆیان بەرەو دابڕانی و وێرانی و داڕوخان دەبەن، چونكە شوێن پەنجەیان لە ناو دڵ و هەستی كەس دا بوونی نییە. بۆیەش دەڵێن كەسانی لە خۆی بایی و خۆ بەگەورە زان وەكو ئەو باڵندە وان هەتا بڵندتربن لە چاوی خەڵك بچووكتردەبنەوە، هەروەكووە دەگێڕنەوە لە كۆنەوە ” مامۆستایەكی زۆرانبازی هەبوو(360) سێ سەد و شەست جوولەی لە جوولەكانی زۆرانبازی دەزانی و قوتابییەك هەبوو لە سەر دەستی ئەو ڕاهێنانی دەكردو ئەو مامۆستایە جوولە لە دوایی جوولەی فێری ئەو قوتابییەی دەكرد و تا قوتابیەكەی شارەزایی و لێزانی لە سەر(359) سێ سەد و پەنجا و نۆ جوولە هەبوو بە تەواوی لە مامۆستاكەی فێری بوو، قوتابیەكە لە ناو زۆرانبازییەكان ناسراو و ئازا بوو سەركەوتن لە دوای سەركەوتنی بەدەست دەهێنا بوو بە ناوێكی دیار و ناوبانگی زۆر پەیدا كرد لە ناو خەڵك و كۆمەڵگە، دڵی پڕ بوو لە متمانە و ڕازی بوون و دڵنیایی لە خۆی وای دەزانی ئەو باشترین زۆرانباز و كەسە لە نێو كۆمەڵگە بە گشتی.
لە كۆتایی هاتنی یەكێك لە یارییەكانی كە سەركەوتوو بوو وەك هەمیشە دڵی خۆش بوو جەماوەر و خەڵك و ئەوانەی پێی سەرسام بوون دەورەیان لێدا بوو یەكێكیان لێی پرسی ڕات چیە لە سەر مامۆستاكەت؟ قوتابیژیەكە وەڵامی دایەوە گوتی” زۆرانبازێكی گەورەیە، بەڵام من ئێستا لەو بەهێزترم! ئەو قسەیە لە ناو خەڵك بڵاوبووە و قسە و قسەلۆك و پرسیاری زۆر بەدوای خۆیدا هێنا و لە نێوان كەسانی پاڵپشتی مامۆستاكە و كەسانی سەرسام بە قوتابییەكە تا وایلێهات ئەو قسەیە گەیشتە فەرمانڕەوای شار وایلێک دایەوە ئەوە بێ وەفایی و بێڕێزییە و بڕیاریدا یارییەك ساز بكات لە نێوان مامۆستاكە و قوتابییەكەی تا قوتابییەكەی فێری وانەی خاكەڕایی و خاكیبوون بكات. كات و شوێن دیاری كرا خەڵك ئاگادار كرایەوە بۆ ئامادەبوون، كاتی هاتنی یارییەكە فەڕمانڕەوای شار ئاماژەی كرد و یارییەكە دەستی پێ بكرێت.
قوتابییەكە وەكوو گایەكی توڕە و هەڵچوو و خرۆشاو دەرپەری، بەڵام مامۆستاكە بە هێمنی و لە سەرەخۆی هاتە پێش، قوتابییەكە هەوڵیدا ئەوەی فێری بووە پێشانی بدات لە هونەرەكانی زۆرانبازی، بەڵام مامۆستا بەرپەرچی سەرجەم جولە و هێرشەكانی دایەوە و بە زیرەكی و چاپوكی.
قوتابییەكە هەستی بە ماندوویەتی و بێهێزی و شەكەتی كرد و لەو كاتەدا مامۆستاكە جولەی كۆتایی بەكارهێنا كە پێشتر قوتابییەكەی فێری ئەو جوولەیە نەكردبوو و خستەیە سەرزەوی و قوتابییەكە هەوڵیدا هەستێتەوە، بەڵام مامۆستاكە هەمان جوولەی دووبارە كردەوە و لێیدا و جارێكی تر تا وای لێهات قوتابییەکە خۆی بە دەستەوە دا و بەتەواوی یارییەكەی كۆتایی پێهات.
فەرمانڕەوای شار هاتە پێش و لای مامۆستاكە و پیرۆزبایی لێكرد و مڵوانكەیەكی گەورەی پێبەخشی وەكو ڕێزلێنان، قوتابییەكەش سەری نزم كردەوە وەك شەرمەزاری لە دۆڕاندنەكە، فەرمانڕەوا لۆمە و سەرزەنشتی قوتابییەكەی كرد و لە سەر نكۆڵی و سپڵەیی قوتابییەکە و چاكەی مامۆستاكەی . قوتابیەكە بە شەرمەزاری و بێزارییەوە گوتی مامۆستا ئەو جولەی فێرنەكردبووم و لێی شاردبوومەوە بەم جوولەیە براوە بوو. مامۆستاكەش زۆر لە سەرەخۆ و بەهێمنی گوتی ڕاستە ئەو جوولەیەم فێر نەكردبووی بۆخۆمم هەڵگرتبوو بۆ ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ. حەزم نەكردووە قوتابییەكەم ڕۆژێك بێتو و ناحەزم بێت و بەرهەڵستكارم بێت.
هەروەكوو شاعیر دەڵێت” فێری تیر هاوێژیم كرد و هەموو ڕۆژی كە بێ منەت بوو تیری تێگرتم.
مامۆستاكەش بە خەمگینیەوە گوتی فەڕمانڕەوا وەفاداری كەم بووە لەو زمانە ئەوەی فێرم كرد چۆن تیر بهاوێژێ كە فێربوو منی كردە یەكەم ئامانجی خۆی.
بۆیە لە خۆبایی بوون و خۆ بەگەورە زانین وا لە خاوەنەكەی دەكات بەرەو وێرانی ببات هەر چەندە فێری زانست و زانین ببین. پێویستە لە سەرت هەردەم ئەو كەسە لە بیر نەكەی كە فێری كردووی و یارمەتی داویت و چاكەی لە سەرت هەیە. وەفا و ڕێز مرۆڤ بەرز دەكەنەوە، بەڵام سپڵەیی و نكۆڵی هەمیشە ڕێگای كەوتنە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی