کەرکووکی: سەرۆک بارزانی دەیەوێت بە ئاشتییانە پرسی کورد لە هەموو شوێنێک چارە بکرێت

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، لەبارەی چارەنووسی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، جەخت دەکاتەوە، سەرۆک بارزانی دەیەوێت بە ڕێگەی ئاشتی و دیموکراسییانە پرسی کورد لە هەموو شوێنێک چارە بکرێت. 

چوارشەممە، 29-01-2025، کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەولێر؛ ڕایگەیاند “سەرۆک بارزانی لەگەڵ چارەکردنی پرسی کوردە لە هەموو شوێنێک بە ڕێگەی دیموکراسی و ئاشتیی دوور لە توندوتیژی.”

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد “بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و پەیمان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان،  هەر گەلێک لەسەر خاکی خۆی، مافی ڕەوای خۆیەتی بڕیار بدات بە چ شێوازێک فەرمانڕەوایەتیی بکرێت.”

کەرکووکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: “سەرکردایەتییەکی حەکیممان هەیە. ئاییندەی کوردستان لە دەستی کەسێکی دووربین، سەربەرز و دڵسوزدایە و لەسەر ڕێبازی قوتابخانەی بارزانی دەڕوات.. بۆیە لە کۆتاییدا، سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستانە.”