باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: ئەمەریکا پابەندە بە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان

چوارشه‌ممه، 29ـی کانوونی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ باڵيۆز دانيال ڕوبنستين كرد، كه‌ كاره‌كانى باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

لە ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، له‌ دیدارەکەدا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و دۆخى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان و هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى كاروبار‌ى پێشمه‌رگه‌، پێشهاته‌كانى سووريا و دۆخى ناوچه‌كه‌، تاوتوێ كران.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکراوە، باڵيۆز ڕوبنستين جه‌ختى له‌ پابه‌نديى ئه‌مه‌ريكا بە به‌رده‌واميى هاوكارى و پشتگيری له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، نێچيرڤان بارزانيش، سوپاس و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆردا، ده‌ربڕى.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيریی ناوچه‌كه‌ و كاركردن بۆ به‌رقه‌راربوونى ئاشتييه‌كى جێگير، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی دۆخی ئێزدییان له‌ شه‌نگال و كريستيان و پێکهاته‌کان له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى کۆبوونەوەکە بوو، کە تێیدا تیشک خرایه‌ سه‌ر چه‌ند پرسێكى ديكه‌.