شەپۆلێکی بەفر بارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە

شەپۆلێکی بەفر بارین هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە و بەردەوامی دەبێت، لە هەندێک ناوچە ئاستی بەفربارین گەیشتووەتە نزیکەی 60 سم، بۆ ئەوەی گرفتی هاتووچۆ دروست نەبێت تیمەکانی بەفر راماڵین لەو شوێنانەی بەفر باریوە بەردەوامن لە خاوێنکردنەوەی رێگەوبانەکان.
7 تیم بۆ ڕاماڵینی بەفر لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆ هەموو قەزا و ناحیەکان پێکهێنراون، ئەو تیمانە بەسەر هەموو شارو شارۆچکەکاندا دابەشکراون، بەتایبەتی لەو شوێنانەی بەفر دەبارێت، لە هەندێک ناوچە ئاستی بەفر بارین گەیشتووەتە نزیکەی 60 سم، بەرپرسانی ناوچەکە داوای هاوکاری لە شۆفێران و هاووڵاتیان دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەیەکی نزیکدا رێگەوبانەکان خاوێن بکەنەوە. خوسرەت سادق، بەرێوەبەری گشتی رێگەوبانی ئیدارەی سۆران، بۆ “هەولێر” گوتی:” لە زۆربەی ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سۆران بەفر باریوە، لە هەندێک ناوچە زیاتر لە نیو مەتر بەفر باریوە، لە رێگەی سێ تیمەوە خەریکی خاوێن کردنەوەی رێگەوبانەکانین، بەتایبەتی لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بەفرێکی باش باریوە، بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی بەفر بارین بەردەوام دەبێت، ئەوەش گرفتی بۆ ئێمە دروست کردووە لە کاتی خاوێن کردنەوەی رێگەوبانەکان دوای ماوەیەکی کەم وەکو خۆی هەموو دەبێتەوە بەفر، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ئەگەر بۆ کارێکی پێویست نەبێت خۆ لە رێگەوبانەکان نەدەن”. بەرێوەبەری گشتی رێگەوبانی ئیدارەی سۆران، دەشڵێ:” لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانیش بەفر باریوە، لە دیوی هەرێمی کوردستان رێگەوبانەکان خاوێن کراونەتەوە و گرفتی هاتووچۆ نییە، بەڵام تا ئێستا ئێران دیوی خۆی خاوێن نەکردۆتەوە، لە خاوێن کردنەوەی رێگەوبانەکانیش بەردەوام دەبین تا گرفتی هاتووچۆ دروست نەبێت”.

ھەواڵی زیاتر