مەکسیک: بە مەرج ئەو کۆچبەرانە وەردەگرینەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە دیپۆرت دەکرێنەوە

سەرۆکی مەکسیک، کلۆدیا شەینباوم ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە مەرج ئەو کۆچبەرانە وەردەگریتەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە، دیپۆرت دەکرێنەوە.

کلۆدیا شەینباوم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا، مەکسێک ئەو کۆچبەرانە وەردەگرێت کە لەلایەن ئەمریکاوە دیپۆرت دەکرێنەوە، بەڵام ” مەکسیک نایەوێت ببێتە وڵاتێکی سێیەمی سەلامەت بۆ ئەو کۆچبەرانە”.

ھەروەھا لەبارەی ئەگەری ناردنی کۆچبەران لە وڵاتانی دیکەوە بۆ مەکسیک، ئەوا ڕایگەیاند: “ھیچ کەسێک لە دۆخێکی سەختدا لە سنوورەکاندا بەجێناھێڵێن و ئەمەش دۆخێکی نوێ نییە بۆ ئێمە”.

باسی لەوەش کرد کە کەناڵەکانی گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەپارێزن و گوتی: “ئێمە ھەڵوێست و گفتوگۆیەکی ڕێزدارانە و بەرپرسیارانە پەیڕەو دەکەین ، بە ئامانجی پاراستنی سەروەریمان و ڕێزگرتن لە مافەکانی مەکسیکییەکان”.

بەپێی ئەو ئامارەی کە لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە لەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ لە ٢٠ی ئەم مانگەدا وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو، چوار هەزار کۆچبەر لە مەکسیکەوە بە نایاسایی چوونەتە ئەمریکا.