دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق زیاد بکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕاگەیاندنی وردەکاری پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق، ھەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەنجامەکانی دەکات کە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا.

دوای سەرژمێری زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئایا لە بودجەی گشتی عێراقدا وەکو ساڵانی ڕابردوو بەشە بودجەی خۆیان وەردەگرن یان زیاتر دەبێت، ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان داوا دەکەن پێویستە حکوومەتی عێراق بە شەفافیەت مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی سەرژمێری بکات و بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا لەبەرچاو بگرێت، کە کاریگەری لەسەر دابەشبوونی دانیشتووانان ھەبووە و داوای گەرەنتی دەستوور دەکەن کە سەقامگیری دارایی ناوچەکە بپارێزێت و دوور بکەوێتەوە لە ھەر کاردانەوەیەکی نەرێنی کە زیان بە پڕۆژەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەگەیەنێت.
تا ئێستا حکوومەتی عێراق پابەندی جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی یاسای بودجە نەبووە کە تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی ڕێککەوتنەکان بووە. بەگوتەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و شارەزایانی بواری ئابووری، حکوومەتی ناوەند لە جیاتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە بەردەوام بەرانبەر ھەرێمی کوردستان بەدوای بیانۆی جیاوازدا دەگەرێت و پابەندی ئەو ڕێککەتنە نابێت کە پێشتر لە نێوان ھەر دوو حکوومەت ئیمزا کراوە.

وا مانگی یەک تەواو دەبێت کەچی ھێشتا بەغدا مووچەی مانگی دوازدەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە، بەگوتەی ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەوەی پێویست بووە و داوا کراوە ھەولێر کردوویەتی، بودجە بووەتە یاسا و پێویستە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆیە پێداگری دەکەین لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کراوە لە ٢٥ی ئاداری ڕابردووەوە دۆسیەی نەوتی ڕادەستی بەغدا کردووە و ھەموو پابەندییەکانی سەرخۆی جێبەجێ کردووە لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵ بەھانە بۆ پابەندییەکانی خۆی دێنێتەوە و پابەند نییە بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان کە لە چوارچێوەی یاسای بودجە و ڕێککەوتنی نێوان ھەردوولا جێگیر کراوە.

چاودێران، جەخت لەوە دەکەنەوە، ئامانجی سیاسی ھەیە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی ئێستای پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتییدا، کە ئێستا ١٢.٧%ـە، بەڵام بە دەرچوونی ئەنجامەکانی پڕۆسەی سەرژمێری، ئەو ڕێژەیە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی ڕاستەقینەی ئێستای ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوە و ھەموارکردنەوەی پێویست دەبێت.

ھۆزان خۆرشید، چالاکوانی بواری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بە بەردەوامی کێشەی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئەوە بوو کە ئەوان لەسەر بنەمای داتای وەھمی قسەیان کردووە لەسەر بودجەی ھەرێمی کوردستان لە ١٧%ـەوە دابەزاند بۆ ١٤% ئەوەشیان کرد بە ١٢% و ١٠%، بەڵام ئێستا ئەو داتا نافەرمیانەی کە دەستمان کەوتووە دانیشتووانانی ھەرێمی کوردستان ١٤%ـی دانیشتووانانی ھەموو عێراقە، ئەوە داتایەکی گرنگە کە بتوانین بەرگری لێ بکەین و بتوانین بودجە و ڕێژەی خەرجی و داھاتی ھەرێمی کوردستان لە حکوومەتی عێراق زیاد بکەین.
پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی ھەمواری یاسای بودجە، لە لێداوانێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای چەندین کۆبوونەوە و ھەوڵ و ماندوبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ھەموار بکرێتەوە و ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم دەست پێ بکاتەوە، ھەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا.

گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیازێک لەلایەن نوێنەری حکوومەتی فیدراڵ لە پەرلەمانەوە، تاکلایەنانە و بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم بکرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ پەرلەمان نێردراوە.