وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە لە راگەیەندراوێکدا زانیاری لە بارەی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، ئەمجارە لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئاماژە بە چەواشەکارییەکانی پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا کراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا پەرلەمانتارێکی عێراق لە لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەناوی (غەریب ئەحمەد) چەندین چەواشەکاری و ناڕاستی لەسەر لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان خستووەتە ڕوو، لە پێناو چەواشە نەکردنی ڕای گشتی و خستنەڕووی ڕاستیەکان وەک خۆی بە پێویستمان زانی ئەم خاڵانە بخەینەڕوو.
١- ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنەکەیدا چەند جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەی ٧٥٠ هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی مووچەیە، ئەوە لە کاتێکدایە میلاکی فیعلی ئێمە بەشارستانی و سەربازی لەبەغداد و لە لیستی مووچە نزیکەی ٧٠٢ هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو ٧٥٠ هەزار ناوی دووبارە و مردووە لە کوێ جێ کراوەتەوە.
٢- تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو هەرچی داواکاری و تێبینی وەزارەتی دارایی عێراق هەبووە لەسەر لیستی مووچە چارەسەریان کردووە، ئەو داتا و زانیاریانەی لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کورستانە، لە ١٩ وەزارەت و ٨ دەستە و سێ سەرۆکایەتی و یەکەکانی ( ٧٠ ) و ( ٨٠ ) دێت و دواتر لەوەزارەتمان وردبینی دەکرێت، واتە سەرجەم داتاکان دەبیت بە داتای حکوومەتی هەرێم نەک وەزارەتی دارایی، وە هیچ کەس و لایەنێکیان ئامادە نییە بەبێ ئاگاداریان هیچ ناوێک زیاد و کەم بکرێت.
٣- بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو لە هیچ ڕاپۆرتێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و نووسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەهیچ جۆرێک ئاماژە بەبوونی ژمارەیەکی لەو شێوەیە و کێشەی لەو جۆرە نەکراوە، وەک ئەو بەناو پەرلەمانتارە باسی دەکات.
٤- بەپێویستی دەزانین لێرەوە ڕایبگەیەنین کە لیستی مووچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لەمانگی شوبات تا حوزەیران وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەک چوو، کێشەی بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی ڕایگرتن، دوای پێدانی ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی داتا و زانیاریەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرایەوە.
٥- باشتر بوو ئەو پەرلەمانتارە پێش چاوپێکەوتنەکەی پرسیاری لەسەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکردایە کە لەماوەی نزیکەی ١٠ ڕۆژدا دووجار لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێم لەهەولێر و بەغداد کۆبووەتەوە، جەنابیان لەکوێ بووە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە پرسیار لەسەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکات بۆ وەرگرتنی داتا و زانیاریەکان، تا بزانێت ئەوە هەرێمی کوردستانە هەموو پابەندییەکانی خۆی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران جێبەجێ کردووە، نەک لە بێ ئاگاییەوە بێت ژمارەی ناڕاست و بێبنەما بخاتە ڕوو بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و فەرمانبەران.
٦- پرسی مووچە کێشەیەکی کۆن و گشتگیرە و تەنها وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو هەموو بابەتێکی تایبەت بەمووچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت و هەموو لایەنە بەشداربووەکانی کابینەی نۆیەم بەپێی ڕێژەی خۆیان بەرپرسن لەو کێشەیە، نە وەزیری دارایی و نە وەزارەتەکەی هێزی سەربازی و پێشمەرگە و میلیشیای نییە، تەنانەت پارێزگاری وەزیر و وەزارەتیش لەلایەن هێزەکانی ناوخۆوە دەکرێت، بۆیە کاری بەناو زیادکردنی نەمردوو نەزیندوو نییە، کێ خاوەنی ئەوانەن بەڕێزی ئەگەر دەوێرێت با بچێت پرسیاریان لێ بکات.
٧-جێی خۆیەتی بپرسین کاک غەریب نوێنەرایەتی کێ دەکات لەبەغداد!؟.
ئەگەر نوێنەری کوردە پێویستە پاساو بۆ مووچەو نان بڕینیان بهێنێتەوە و بەبێ بەڵگەش حکومەتی هەرێم تاوانبار بکات، نازانین ئەم هەڵوێستانە ئەبێت خزمەتی کێ بکات، ئایا بەڕاستی جەنابیان نوێنەری کوردە لەبەغداد!؟.
بەڕێزیان ئەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکات لەدادگا ئەم بوختان و ناهەقیانە بسەلمێنێت.
وەک وەزارەتی دارایی پێشتریش چەندین جار ڕامانگەیاندووە دەرگای وەزارەتمان بۆ پێدانی داتا و زانیاری کراوەیە، ئەگەر جەنابی دڵسۆز بوو دەبوایە خۆی بەدواداچوونی بکردایە، نەک قسەی سەر تەلەفزیۆن کە لە هەموو شتێک ئاسانترە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری