هەڵزنان بە قولاپێی بارزانیدا

كاوە میران
سەركەوتنی سەردانەكەی بەڕێز مەزڵووم عەبدی بۆ خزمەتی سەرۆك مەسعوود بارزانی، دەنگدانەوەی ئەو سەردانە، بایەخ و كاریگەری ڕێنماییەكانی بارزانی، ڕەنگدانەوەی لەنێو كوردستانی ڕۆژئاوا و دەستكردنی كورد بە گفتوگۆی ناوخۆیی لە ڕۆژئاوا بەمەبەستی دروستكردنی یەكڕیزییەكی كوردی، لەژێر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی بارزانیدا. سەرجەم دەزگا هەواڵگرییەكانی سەغڵەت كردووەو، بەو هۆیەشەوە دەستیان كرد بە جوڵاندنی میدیا و میدیاكارە سێبەرەكانیان بۆ گازگرتن لە قولاپێی بارزانی.
بەم پێوەرە، سەركەوتن و كاریگەری سەردانەكە، بەڕادەی دژایەتیكردنی لەلایەن سێبەرەكانی دەزگا هەواڵگرییەكان دەپێورێت.
بڕوای تەواوم بەوە هەیە كە سەرۆك بارزانی پێویستی بەوە نییە، نەئێمە بەرگری لێ بكەین، و نە نەیارەكانیشی دژایەتی بكەن، بارزانی خۆی بۆخۆی ئەزموونێكی تایبەتە. ئەوانەی كەلە وانەی بارزانناسیدا كەوتوون، لە بەحری بێ بنی ئەو سەركردە مێژووكردە تێنەگەیشتوون، دواجار، خۆیان و پرۆژەی گوماناوی سیاسی و میدیاییان خنكاون و، لەبیری كۆمەڵگە و مێژووی كورد چونەتەوە.
ئەم بڕوایەی ئێمە، بڕوای هەزاران هەزار كەسی ئەكادیمی و گەورە نوسەر و میدیاكار و بیرمەندە لە سەرتاسەری جیهاندا. دەیان میدیای گەورەی جیهانی و میدیاكارو ڕۆژنامەی سەنگین، سەرە دەگرن بۆ ئەنجامدانی دیدارێك لەگەڵ بارزانیدا، ئەوان لەڕێی لێدوانەكانی سەرۆك بارزانییەوە، تێدەگەن چی لەناوچەكە، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت. میدیاكان پێشبڕكێیانە بۆ وەرگرتنی لێدوانێكی نزیك لە بارزانی.
ئەم وێنە گەورەیە، بەدەر نییە لە هەڵشاخان و لورەی دوای كاروان و حەپەی بەر مانگە شەو، جاروبار نەیارەكانی بارزانی، ئەوانەی بەپول و ئەجێندای دەرەكی دەیانەوێت بەگازگرتن لە قولاپێی مەرجەعی كورد ببنە ژمارە و میدیاكان باسیان بكەن. بەردێكی نەزانانە فڕێدەدەنە ناو دەریای قووڵ و لەبننەهاتووی بارزانی. ئیدی ئەو بەردەش كە نەزانێت فڕێی دەدات، بەهەزار زانا دەرنایەتەوەو، لەناو گەورەیی بارزانیدا نوقم دەبێت.
چەندین ساڵ لەمەوبەر شاعیری گەورەی عەرەب موتەنەبی، دەڵێت:
‎”وإذا أتتك مذمتي من ناقص فهي الشهادة لي بأني كامل” واتە:
“ئەگەر كەسێكی ناتەواو سەرزەنشتی كردم، ئەوە خۆی شاهیدی دانە لەسەر ئەوەی من كامڵ و تەواوم.. ئەگەرچی ئەمە خۆی بۆخۆی وەڵامێكی پڕ بەپێستە بۆ میرەی بەر ئاخوڕی ئاخوند. بەڵام دەمەوێت بڵێم: پێش چەندین ساڵ بەناو زاناكان پێیان وابوو ئاسمان كونە و باران وەك بێژنگ دەبارێنێت، بەڵام كە ئەقڵ پێشكەوت و كامڵتربوون، تێگەیشتن بەهۆی بەهەڵمبوونەوە باران لەهەورەكانەوە دەبارێت. ئەو بڕوا و تێگەیشتنە سەقەتە، هیچی لەگەورەیی ئاسمان كەم نەكردەوە. ئەوە بچووكی ئەقڵی مرۆڤ بوو ئەو خەیاڵەی دروستكردبوو.
هەروەها كاتێ ئەحمەق میرەش، سەرزەنشتی بارزانی دەكات، هەر ئەوە خۆی شایەتیدانە لەوەی بارزانی چەندە گەورە و كەسایەتییەكی چەندە میحوەرییە. تێدەگەین بازرانی تەنانەت بۆ نەیارەكانیشی خێر و بەرەكەتەو، كاتێ بەقولاپێیدا هەڵدەزنن، دەكەونە بەرچاو، هەروەك بەشێك لە پابەندییەكانیان بەرانبەر دەزگا هەواڵگرییەكان جێبەجێدەكەن و، بەوەش مووچە و ئیمتیازاتی خۆیان و پرۆژە ئیعلامییەكانیان
دابین دەكەن.
دواجار ئەو قەپاڵگرتنەی میرە، بەر لەوەی لە قولاپێی بارزانی بن، بێ شك لە هەیبەتی مەزڵووم عەبدین. چونكە پێچەوانەی سیاسەت و بەرژەوەندی مەزڵوم عەبدی بوون.
دواهەمین خاڵێك كە قسەی لەبارەوە بكەین، ئەوەیە: مادەم دەسڕ داخەرانی بەردرگای دەزگایەكی موخابەراتی پێی وایە مەزڵوم عەبدی پێویستی بە ئامۆژگاری بارزانی نییە. كەواتە: ئەو تیرە ئاراستەی مەزڵوم عەبدییە. چونكە بەڕێز عەبدی بەكردەوە داوای ڕێنمایی و هاوكاری لەبارزانی دەكات، كاتێك سەردانی دەكات. كەچی میرەیەك كە تەنها لەهەواڵێكی هەشت دێڕی سایتەكەیدا نۆزدە هەڵەی ڕێنوس هەبوو، دێت ودەڵێت: ئیلا و بیلا مەزڵوم عەبدی پێویستی بەڕێنمایی بارزانی نییە! ئاخر عەبدی بەكردەوە و بەڕێزەو دێت بۆ ڕاوێژ و ڕێنمایی بارزانی، كەچی ئەم ڕازی نیە و، دەڵێت: نەخێر عەبدی پێویستی بە ڕێنمایی و ئامۆژگاری بارزانی نییە.
ئەوەیە گەورەیی بارزانی، دوژمنەكانیشی لەسەر ناو و ناوبانگی ئەو دەژین.