زاگرۆس غەریب: بەشێک لە میدیاکاران تووشی نەخۆشی ناوبانگ بوونە

“زاگرۆس غەریب” یەکێک لە میدیاکارە توانا و بەناوبانگەکانی کورد، ساڵانێکی زۆرە بە ئەزموونی جیاواز و کاری میدیایی گەورەدا تێپەڕیوە؛ لەم دیدارەی تایبەت بە “هەولێر”دا وەڵامی کۆمەڵێک پرسیارمان دەداتەوە دەربارەی میدیا بە گشتی و بەشێک لە دنیای سۆشیال‌میدیا.

٭ سەرەتا با باسێک لە ژیانت بکەین؟
_ من “زاگرۆس مەریوان غەریب” ناسراو بە “زاگرۆس غەریب”، ساڵی ١٩٩١ لە ئاوارەییدا لە وڵاتی ئێران لەدایک بوومە؛ دانیشتووی ھەولێرم خاوەنی بڕوانامەی دیپلۆمم لە کارگێڕی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ھەروەھا بەکالۆریۆسم ھەیە لە ڕاگەیاندن.

٭ لەنێو میدیاکاراندا و تایبەت ئەو میدیاکارانەی دەردەکەون “TV” ھەمیشە پێشبڕکێیەک لە نێوانیاندا ھەیە بۆ ھەنگاونانی زیاتر و ناوبانگی زیاتر، بەڕای تۆ ئەم پێشبڕکێیە باشییەکەی لە کوێدایە و زیانەکەی چییە؟
_ بێگومان ئەو پێشبڕکێیە حاڵەتێکی ئاساییە و پێویستیشە ھەبێت، مەبەست لێی بەرەوپێشچوونی زیاترە، چوونکە ھەموو میدیاکارێک خەونی ئەوەی ھەیە کە ببێت بە کەسی ژمارە یەکی نێو بوارەکەی خۆی، بەڵام کێشەکە لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە ناوبانگ ئیدی دەبێتە نەخۆشی! ئێستا بەشێک لە میدیاکاران تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە! لەپێناو ناوبانگدا ھەمووشتێک دەکەن، بەداخەوە بەشێکیان ھەموو ڕێگایەک دەگرنەبەر و ئەمەیش نەک کاریگەری خراپ لەسەر ئەوان بگرە لەسەر تەواوی میدیا و میدیاکارانی نێو کۆمەڵگە دروست دەکات و لەنێو خەڵکدا خوێندنەوەی خراپ بۆ کۆی پرۆسەکەش دەکرێت.
٭ لە تەواوی کوردستاندا ھیچ میدیایەک نییە بە تەواوی کار لەسەر پرۆگرامێکی میدیایی بکات، پێت وانییە بوونی پرۆگرامێکی میدیایی بە کارکردنی کەسانی پسپۆڕ لەناویدا گرنگییەکی زۆری ھەبێ؟
_ کێشەکە ئەوەیە لێرە میدیا خەڵک ئاراستە ناکات، بەڵکو خەڵک میدیا ئاراستە دەکات، خەڵک چۆنی حەز لێ بێت و بیەوێت رێک بەو شێوازە ھەموو شتێکی پێشکەش دەکرێت بەبێ گوێدانە ئەوەی ئایا راستە یاخود ھەڵەیە! گرنگ ئەوەیە خەڵک تەماشای دەکات، ئیتر کاریگەریی خراپی ھەیە یاخود نا ئەوان کێشەیان نییە.
٭ سۆشیال‌میدیا توانیی بە شێویەکی گەورە و خێرا پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێ، تەنانەت ئەو شوێنانەیش گرنگی پێ دەدەن کە ھیچ پەیوەندییەکی میدیایی بە کارەکانیانەوە نییە، تۆ گرنگییەکە لە کوێدا دەبینی؟
_ دەتوانین بڵێین ھەم جێگەی تەلەڤزیۆن و ھەم رۆژنامەشی گرتۆتەوە رێژەی بەکارھێنەری لە جۆرەکانی دیکەی میدیا زیاترە، ئەمە ھۆکارە بۆ ئەوەی ببێتە سەرەکیترین شوێنی بازرگانی و ئاسانکارییەکی زۆری ئابوریش دروستبکات.
٭ پێم خۆشە وەڵامێکی کورت وەرگرم، پێتوایە میدیای ئێستا یان پێشوو کامیان پێشکەوتووتر بووە؟
_ میدیای ئێستا پێشکەوتووترە، بەڵام میدیای پێشوو ھاوسەنگتر و تەندروستتر بوو، چونکە فلتەر ھەبوو.
٭ ئەگەر بە ئارەزووی خۆت پرۆگرامێک بۆ خۆت دابنێی دەتەوێ چ پرۆگرامێک پێشکەش بکەی؟
_ بەرنامەی زۆرم لە خەیاڵدا ھەن، گەر رۆژێک لە رۆژان دەرفەتم ھەبوو بەنیازم کاریان لەسەر بکەم، گەر بۆم بڕەخسێت بە بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی دەست پێ دەکەم، بەڵام جیاواز لەوانەی کە ئێستا ھەیە.

  • دەتوانی باسێک لە ژیانی تایبەتیت بکەیت؟ زیاتر ئارەزووی چی دەکەیت و بە چییەوە سەرقاڵی؟
    _ بەشی زۆری کاتی خۆمم تەرخان کردووە بۆ کار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خێزان لای من بایەخێکی زۆری ھەیە، سەرەڕای سەرقاڵی، ھەوڵم داوە کاتم بۆیان ھەبێت. بەینم خراپ نیە لەگەڵ وەرزشدا، بەڵام خۆم نایکەم، تەنھا سەیری دەکەم. دەخوێنمەوە و جارجاریش چەند وشەیەک بەیەکەوە دەنێم و وەک پەخشانەشعر یان شعرۆچکە، بڵاویان دەکەمەوە.
ھەواڵی زیاتر