محەممەد شوکری: هەنگاوەکانی پرۆسەی مۆڵەتپێدانی پرۆژەکان کەم دەکەینەوە

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان پێدانی مۆڵەت بە هەر پرۆژەیەک پێویستی بە زیاتر لە 300 هەنگاوە.

سێشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وۆرکشۆپێکدا ڕایگەیاند “بەرزکردنەوەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووریی هەرێـمی کوردستان.”

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: شیکاریی بۆ پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کراوە؛ مۆڵەتدانی پرۆژەکان چۆن بەڕێوە دەچێت؟ بەشێک لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە و وردبینی بۆ دەکەن، هەر مۆڵەتێک لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 300 هەنگاوی پێویستە تا مۆڵەتێکی یەک بۆ سێ ساڵی پێ دەدرێت، ئەوەش پرۆسەیەکی درێژخایەنە.”

محەممەد شوکری دەشڵێت:  هەنگاوەکانی پرۆسە مۆڵەتپێدانی پرۆژەکان کەم دەکەینەوە.

محەممەد شوکری گوتیشی: بەم نزیکانە لە هەرێمی کوردستان کۆڕبەندێک دەکرێت و تییدا زیاتر لە 65 وەبەرهێنەری سعوودی دێنە هەرێمی کوردستان، و ئێستە ئامادەکاری بۆ دەکرێت.

هەروەها لەگەڵ سەڵتەنەتی عەمان کۆبوونەوەی باش کراون، کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان باشتر بکرێت، لەگەڵ قەتەر لە ڕووی حکوومەتی و وەبەرهێنانیان و لەگەڵ ژووری بازرگانیی قەتەریش نزیکەی ساڵێکە ئامادەکاری دەکەین بۆ کۆڕبەندێک، لە مانگی چوار یاخود پێنج دەکرێت. جگە لەوەش، چەندان پەیوەندیی ئابووری سیاسی لەگەڵ وڵاتان بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیان مەسرور بارزانی دەکرێت.

دەستەی وەبەرهێنان بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی IFC وۆرکشۆپێکی کرد، بە بەشداری چەندان وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی شارەوانی و دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە و چەندان لایەنی تری حکوومی.

ناوەرۆکی وۆرکشۆپەکە بریتییە لە خستنە ڕووی دەرئەنجامەکانی نەخشەسازیی هەنگاوەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان کە لەماوەی ڕابردوودا؛ ئەم نەخشەسازیە ئامادەکراوە بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و باشترکردنی هەنگاوەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە ئامانجی باشتر کردنی ژینگەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بەتایبەت وەبەرهێنەرانی ڕاستەوخۆی بیانی بۆ کوردستان.