بڵند ڕەزا، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ: دوو پارکی گەورە لە شارەکە دروست دەکرێن

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تەنیا یەک پارکی گشتی لە سنووری ئاکرێ ھەیە، ھاووڵاتییان داوا دەکەن چەند پارکێکی دیکە لە شارەکە دروست بکرێن. سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، دەڵێت، شوێنی پیشەسازی و عەلوەی کۆنی شارەکە دەکرێنە پارک، بەوەش دوو پارکی گەورە لە سنوورەکە دروست دەکرێن، ئەوەش وا دەکات کە ڕێژەی سەوزایی لە شارەکە زیاتر بێت.

بڵند ڕەزا، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ کە زیاتر لە ٦٠% تەواو بووە، ھەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە ھەبوون لە پڕۆژەکە چارە کراون، ڕێگەوبانەکان چاککراون، ماوەی ١٢ ڕۆژە ئەوانەی کاری فرۆشتنی سەوزە و میوە دەکەن ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت کەلوپەلی خۆیان بگوازنەوە عەلوەی نوێ، بۆیە زۆربەیان شوێنەکەیان چۆڵکردووە، ئەوەش بۆ ئەوە بوو قەرەباڵغی لەناو شاری ئاکرێ نەمێنێت، لە ھەمان کاتدا سیمای شارەکە جوانتر دەبێت.
سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، دەشڵێ: لە شوێنی عەلوەی کۆن قوتابخانەیەک و باخچەیەکی ساوایان، لەگەڵ پارکێکی گشتی دروست دەکەین.
بڵند ڕەزا، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، گوتیشی: پیشەسازی ئاکرێیش دەگوازرێتەوە، ئەو شوێنەش دەکرێتە پارکێکی گشتی، ئەوەش وا دەکات کە ڕێژەی سەوزایی لە سنوورەکە زیاتر بێت.