ئەمشەو پاسێكی گواستنەوەی عومڕەكارانی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی سعوودییە تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و بەهۆیەوە سێ كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 10 كەسی دیكەش بریندار بوون.

پاسەكە كە تایبەت بووە بە گواستنەوەی عومڕەكارانی خەڵكی چەمچەماڵ، لە كاتی گەڕانەوە لە وڵاتی سعوودییە لە نزیك دەروازەی سنووری عەڕعەڕ لەگەڵ بارهەڵگرێكی سعوودی تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە.

نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی رایگەیاند: لە ئەنجامی رووداوەكە بەداخەوە قوربانی كەوتۆتەوە.

بەهۆی رووداوەكە ئافرەتێكی عومڕەكاری كورد گیانی لەدەستداوە، بەهەمانشێوە شوفێری بارهەڵگرەكە و كەسێكی دیكەی سعوودی ئەوانیش گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها 13 عومڕەكاری دیكەش لە ئەنجامی رووداوەكە بریندار بوونە كە باری تەندروستی دوو لە عومڕەكارەكان ناجگێرە.