زانا جەبەلی، بۆ ئەمساڵ بەرهەمی نوێی دەبێت

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەند زانا جەبەلی، چەند بیرۆكەیەكی نوێی ئامادەیە و بەنیازە بۆ ئەمساڵ دوو بەرهەمی نوێ بەشێوەی كلیپ بڵاوبكاتەوە.

هونەرمەند زانا جەبەلی بە “هەولێر”ـی راگەیاند “هیوادارم بۆ ئەمساڵ بتوانم بەرهەمی نوێ پێشكەش بكەم، بیرۆكە و ئاوازی باش دروستبوون، دەبێت تێكستی باشیان بۆ بنووسم، بۆیە رەنگە ئەمساڵ بتوانم دوو بەرهەمی نوێ كلیپ بكەم”.
زانا جەبەلی، هەرچەندە بە بنەچە خەڵكی دەڤەری بادینانە، بەڵام لە شاری هەولێر لەدایكبووە و گەورە بووە، ئەم هونەرمەندە ساڵانێكی زۆرە لە بواری هونەریدا كار دەكات و گۆرانییەكانی بەزاراوەی كرمانجی بڵاودەكاتەوە و لە دیارترینیان گۆرانی (تۆیا لە بیرا من) كە زۆر پێی ناسرا.
جەبەلی وەك خۆی باسیكرد، بەهۆی ئەوەی لە شاری هەولێر ژیاوە ئەوەش وایكردووە پەیوەندی لەگەڵ هونەرمەندانی شێوەزاری سۆرانی باش بێت و تێكەڵاوییەكی باشیشی لەگەڵ گۆرانی سۆرانی هەیە و لە ساڵانی رابردووشدا بەرهەمێكی بەناوی (خۆپەرست) بڵاوكردەوە، جگە لەوەش چەندین تێكستی سۆرانی بۆ گۆرانیبێژانی دیكە نووسیوە.
ئەم هونەرمەندە بەهۆی حەزی زۆری بۆ بواری هونەر، شارەزایی زۆری لە ئامێرەكانی موزیكیشدا هەیە و دەڵێت “سەرەتا بە گۆرانیبێژی دەستم پێكرد پاشان بۆ موزیك، ئێستا دەتوانم بڵێم ژەنیارێكی باش و گۆرانیبێژێكی باشیشم و لە هەردووكیان شارەزاییەكی باشم هەیە، هەروەها ژەنیاری ئامێری عودم، بەڵام دەتوانم لە زۆربەی ئامێرە ژێدارەكان بژەنم، جگە لەوەش تێكست دەنووسم و میلۆدی دادەنێم، موزیك بۆ فیلم و دراماش دادەنێم”.