قبوڵكردنى جیاوازییه‌كان فاكته‌رى سه‌قامگیرى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌

فەزیلە شۆرش
یه‌كێك له‌ فاکتەرە سەره‌کییەکانی سەقامگیری سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌نانه‌ت كه‌سیش، بریتییه‌ له‌باوه‌ڕبوون به‌پره‌نسیپى یه‌كترقبووڵكردن و بیركردنه‌وه‌ى جیاوازو پاراستنى سنورى ئازادییه‌ كه‌سییه‌كان، هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌و نه‌ته‌وه‌و گه‌لێكیش، به‌درێژایی مێژوو باوه‌ڕى به‌ئازادیی و پێكه‌وه‌ ژیان و یه‌كترقبوڵكردن هه‌بووبێت، ئه‌وا كۆمه‌ڵگه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كى سه‌قامگیرو جێگیر بووه‌ له‌رووى ئاسایشى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و ئابووریشه‌وه‌. خێزان بنیاتنەری سه‌ره‌كى و سه‌ره‌تاى ئەم فاکتەرانەیە، منداڵ لە خێزانەوە فێری یەکترقبوڵکردن و رێزگرتن دەبێت، له‌و یه‌كه‌ بچوكه‌ى كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى لا ده‌چه‌سپێت، كه‌ رێزگرتن له‌جیاوازییه‌ كه‌سییه‌كان، مامه‌ڵه‌كردن له‌بۆچوونه‌ جیاكان، په‌سه‌ندكردنى ره‌خنه‌و كه‌سه‌ دژه‌كان، ده‌توانێت ژینگه‌یه‌كى ئارام و سه‌قامگیرو پڕله‌ ئاشته‌وایی بۆ خۆت فه‌راهه‌م بكه‌یت، كه‌ دواتر ده‌بێته‌ هۆى سه‌قامگیرى كۆمه‌ڵگه‌ش.
ئەم پێکەوەژیانە کە کرۆکی ژیانە، رەنگدانەوەکەی لە خێزانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، هەر خێزانێک دەوروبەرەکەی ئارام بێت و خەمخۆری یەکتر بوون و رێزیان لە جیاوازیەکانی یەکترگرت، بێشک ئارامی و سه‌قامگیرى بۆ تاك به‌ته‌واوى فه‌راهه‌م ده‌بێت.هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیش به‌م جۆره‌ پابه‌ندى كلتورى قبوڵكردنى جیاوازییه‌كان بێت، رێگه‌ له‌دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانى هه‌ر جۆره‌ ئایدیاو گرووپێكى توندڕه‌وانه‌ ده‌گرێت، به‌ مانایه‌كى تر، ئه‌و جۆره‌ ژینگه‌ سه‌قامگیرانه‌، به‌جۆرێك دڵنیایی ده‌داته‌ ئه‌ندامه‌كانى، كه‌ هیچ گرووپ و ئایدیایه‌كى توندڕه‌وو رادیكاڵ، ناتوانن گه‌شه‌ى تێدا بكه‌ن و تیایدا بمێننه‌وه‌.
كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى، هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ ژینگه‌یه‌كى ئارام بووه‌ بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌ ئاینى و كۆمه‌ڵایه‌تى و جیاوازه‌كان، دوور له‌ تووندوتیژى پێكه‌وه‌ ژیاون و سیمایه‌كى جوانیان به‌ژیان به‌خشیوه‌و جۆره‌ سه‌قامگیرییه‌كى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ هه‌مووان فه‌راهه‌م كردووه‌، ئه‌م كلتوره‌ش رۆلى هه‌بووه‌ له‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌میشه‌ به‌چاوى رێزو جێى متمانه‌وه‌، ته‌ماشاى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌و مامه‌ڵه‌یه‌كى ته‌ندروستانه‌یان له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى جیهانى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردن، پێگه‌و ناوێكى دیارو كاریگه‌ر بێت و ماڵێكى ئارام بێت بۆ هه‌مووان.هەرچەندە مێژووی کوردستان پرە لە نەهامەتی وداگیركردن لەلایەن دوژمنانه‌وه‌، بەڵام هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌رابه‌رایه‌تى بارزانى نه‌مر، توانى باشوورى كوردستان بگه‌یه‌نێته‌ كه‌نارێكى ئارام، ئێستاش سەرۆک بارزانی رابه‌رایه‌تى ئه‌و خه‌باته‌ نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌ ده‌كات و تونیویه‌تى پێگه‌و ناوبانگێكى باش بۆ كوردو كوردستان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى دابین بكات، ئەم خەباتە بەردەوامە تا سەربەخۆیی و دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكى نمونەیی لە پێکەوەژیان، كه‌ بۆته‌ سیماو ناسنامه‌و شوناسى كوردو كوردستان.