ڕائیب جادر – هەولێر
ھێشتا تەرمی مامۆستا ئاڤێستا تەمەن ٢٧ ساڵەکەی شاری ھەولێر کە لە یەکێک لە ڕووبارەکانی دەڤەری بارزان گیانی خۆی بۆ ڕزگارکردنی براکەی کردبووە قوربانی نەدۆزراوەتەوە. باوک و دایک و بە سەدان کەس لەسەر ڕووبار شینیان داناوە و دەڵێن، تا تەرمی کچەکەمان نەبەینەوە ناگەڕێینەوە. بەگوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەشت تیم بە درێژایی ڕووبارەکە بەدوایدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی تەرمەکەی بدۆزنەوە.
ڕۆژی شەممە ھەر لەگەڵ گەیشتنیان بۆ دەڤەری بارزان کە بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لەناوچەکە کردبوو، براکەی لەسەر ڕووبار وێنەی گرتووە، کەوتووەتە نێو ڕووبار، ئاڤێستا ئەوی ڕزگار کردووە خۆشی کەوتە بەر شەپۆل و ئاوی لێلی ڕووبار خنکا و تا ئێستا تەرمەکەی نادیارە، دەم ڕووبارەکە بۆتە ھۆڵی پرسە و ھاووڵاتییان پۆل پۆل بۆ دڵنەوایی کەسوکاری ئاڤێستا دێن.
ھەشت تیمی بەرگری شارستانی مێرگەسۆر و سۆران بست بە بستی ڕووبارەکە دەگەڕێن، ڕێ و ڕێکاری نوێ بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا تاقی دەکەنەوە، جگە لەوەی سەدان ھاووڵاتی دەڤەری بارزان پێنج ڕۆژە یەک خوولەک لێواری ڕووباری شانەدەریان بەرنەداوە کە تەرمی ئاڤێستای تێدایە.
باوکی لە یەکەم ڕۆژەوە کەنار ڕووباری بەجێ نەھێشتووە و دەڵێ، ئاو کچەکەمی بردووە و دەبێت بیداتەوە، بۆیە بەڵێنم داوە تا تەرمی کچەکەم نەبەمەوە نەگەڕێمەوە. یوسف سەدرەدین، باوکی ئاڤێستا، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: چوار کۆڕ و سێ کچم ھەبوون، ئاڤێستا بچووکترین منداڵی من بوو، وەکو کچ و باوک نەبووین، بەڵکو برادەر بووین.
گوتیشی: خەونم بینی بوو، زانیم شتێکمان بەسەر دێت، ئێستاش باری خەمم بارکردووە و تا تەرمی کچەکەم نەبەمەوە ناگەڕێمەوە ھەولێر.
باوکی مامۆستاکەی ھەولێر، دەشڵێ: لە ناوچەیەکی وام لێ قەوماوە دەستی منیان گرتووە، ڕۆژانە خەڵکێکی زۆری ناوچەکە لەگەڵ ئێمە بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن، جگە لەوەی خواردن و خواردنەوەمان بۆ دێنن، ھەتا دەچینە ماڵیان، جگە لەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ھەتا جەنابی سەرۆک بارزانی، کوڕەکەی مەلامستەفا بارزانی ڕاسپاردبوو سەردانی ئێمە بکات و ئەوەی پێویست بێت بۆ ئێمە بکرێت، ئەوەش خەمی ئێمەی زۆر سووکتر کرد و زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین، کە ھەر دەم لە خەمی خەڵکی کوردستاندایە.