پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 12, 2024

رێگاكانی خۆپاراستن لە ئەنفلۆنزای وەزری

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

پەتای ئەنفلۆنزای وەزری درمێکی ڤایرۆسیە و دەبێتە هۆی هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە و لەڕێگەی تێكەڵاوی و نزیكبوونەوە و بەركەوتنی پرژی كۆكە و پژمەی كەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە.

پزیشكان ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەكەن بە پێویستی دەزانن كە وەكو هەموو پەتایەك، كە نەخۆش كەوتیت بزانە هەر خۆت نیت، بەڵكوو بەرپرسیاریەتیت لەسەرە كە هەتا بتوانیت كەسی دیكە تووش نەكەیت، دەمامك، دەستوپلی پاك و نەپژمین و نەكۆكین بەسەر خەڵكدا، كە نەخۆش كەوتیت خۆت قوفڵ بكە لە ماڵەوە. گەر نەخۆشی درێژخایەنت هەیەو تووشی ئەم پەتایە بوویت، دەستبەجێ سەردانی پزیشك بكە، هەرگیز لەملاوئەولا دەرمان وەرمەگرە.
د. گۆران محێدین پزیشكی پسپۆڕی هەناو ڕوونی دەكاتەوە كە ساڵانە لە وەرزی پاییز و زستان نەخۆشی ئەنفلۆنزا دەردەكەوێت و هۆكارەكانیش زیاتر ڤایرۆسین، پەتاكە بە شێوەیەكی جێگیر بڵاو بووەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە ژمارەی خەواندن لە نەخۆشخانەكان كەمترە و پێویست بە پشوو دەكات.

نیشانەكانی ئەنفلۆنزای وەزری:
ئەنفلۆنزای وەزری پەتایەكی درمە كە بە هۆی چەند جۆرێك ڤایرۆسەوە دروست دەبێت و بە شێوەیەكی ئاسان لەنێوان مرۆڤەكان بڵا دەبێتەوە و بەپێی تەمەنی تووشبووەكان نیشانەكان و كاریگەرییەكانی دەگۆڕێت.

• بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش بەشێوەیەكی كتوپڕ.
• كۆكە و پژمین.
• دروستبوونی ئازار لەماسولكە و جومگەكان.
• هەوكردنی قوڕگ و ئارەق كردنەوە.
• زیادبوونی دەردراوی لووت.
• سەرئێشە و گێژبوون.
چۆنیەتیی خۆپاراستن لە ئەنفلۆنزای وەرزی:
ئەنفلۆنزای وەرزی بەئاسانی دەگوازرێتەوە و بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە لە شوێنە قەرەباڵغەكان، كاتێك كەسێكی تووشبوو دەكۆكێت یاخود دەپژمێت ئەوا ڤایرۆسەكە بەناو هەوای ئەو شوێنە بڵاودەكاتەوە لەنێوان ئەو كەسانەی لێوەی نزیكن.
رێگاكانی خۆپاراستن لە ئەنفلۆنزای وەزری:
– بەكارهێنانی ڤاكسینی دژی ئەنفلۆنزای وەزری بە بەردەوامی.
– شووشتنی دەستەكان بەئاو و سابون بەرێكخراوی.
– دووركەوتنەوە لە دەستلێدانی ڕاستەوخۆ لە دەموچاو.
– بەكارنەهێنانی كەلوپەلی كەسی تووشبوو بە ئەنفلۆنزا.
– بەكارهێنانی كلێنكس لەكاتی پژمین و كۆكە و دواتر فڕێدانی.
– پاككردنەوەی بەردەوامی شوێنەكان وەك مێز و كورسی دانیشتن.
– دووركەوتنەوە لە شوێنە قەرەباڵغەكان لە كاتی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزا.